رووداو دیجیتاڵ
د. عەلی قاسملوو، برای د. عەبدولرەحمان قاسملوو لە شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد و لە گوندی قاسملوو بە ئامادەبوونی هەزاران کەس بەخاکسپێردرا.
ئەمڕۆ (شەممە) تەرمی د. عەلی قاسملوو لە گوندی قاسملووی ورمێ بەخاک سپێردرا. عەلی قاسملوو رۆژی هەینی 29-03-2024 لە شاری ورمێ بەهۆی هەڵکشانی تەمەن و نەخۆشی لە تەمەنی نزیک 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوکراونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە هاونیشتمانییانی ناوچە جیاوازەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی د. عەلی قاسملوودا بەشدار بوون و، بەشێک لە بەشداربووان، لە کاتی بەخاکسپاردنیدا سروودی "ئەی شەهیدان"ـیان گوتووەتەوە.
د. عەلی قاسملوو، پسپۆڕی تیشک و سۆنەر بوو و 70 ساڵ ئەزموونی کارکردنی لەو بوارەدا هەبوو. بەپێی ئەو زانیارییانەی هاونیشتمانییان دوای کۆچی دواییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویانکردووەتەوە، عەلی قاسملوو هاوکاری مادیی زۆری خەڵکی هەژاری کردووە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکیدا.
ئەو پزیشکە بەهۆی ئەوەی برای د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری گشتیی پێشووتری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە، لە ساڵی 1980 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ورمێ دەستبەسەر کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ