رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون رایگەیاند، بڕیارە شاندێکی وەزارەتەکە سەردانی ئێران بکات بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە و لەگەڵ بەرپرسانی ژمارەیەک فەرمانگەی ئێران کۆدەبنەوە.
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023 عادل مەلا ساڵح، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون لەبارەی ئەو شاندەی بڕیارە سەردانی ئێران بکەن، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بۆ سۆراخی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە شاندێکی وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراون سەردانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسانی فەرمانگەی ئەو وڵاتە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانین ئەو منداڵانەی لە رۆژانی 15 و 16ـی ئاداری 1988 دیارنەماون و چارەنووس بزرن چییە."
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دوای کیمیابارانکردنی هەڵەبجە 210 منداڵ چارەنووسیان نادیارە.
لە ساڵی 1988 و لەکاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەندین منداڵ لە خێزانەکانیان دابڕان، چارەنووسی ژمارەیەکی کەمیان روون بووەوە، بەڵام زۆرینەیان چارەنووسیان نادیارە.
سەبارەت بە وادەی سەردانی شاندەکە بۆ ئێران، عادل مەلا ساڵح گوتی، هێشتا وادەی سەردانی شاندەکە دیارنییە، بەڵام ئامادەکارییەکان بۆ رێکخستنی ئەو سەردانە دەستیپێکردووە.
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا کەیسی هەشت منداڵی ونبووی هەڵەبجە یەکلایی کرایەوە و درایەوە خێزانەکانیان، بەڵام لە پشکنینی دووەمدا ئەنجامی چوار کەسیان هاوتا نەبوون لەگەڵ ئەنجامی یەکەم و بەهۆیەوە دووبارە پێداچوونەوە بە کەیسەکەیان لە دادگە کرا، بۆیە دادگە بڕیاری دا تەنیا کار بە پشکنینی فەرمی تاقیگەکانی حکومەت بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ