کوردستان
باڵەخانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ رایگەیاند کە پرۆسەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ دامەزراندن لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی بۆ سێ یەکەمەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ناوچە کێشە لەسەرەکان دەستی پێکردووە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە بریتین لە:
- سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی کۆلێژ/بەشەکان.
- هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان (ماستەر و دکتۆرا).
مەرجی سەرەکی بۆ سوودمەندبوون لەم دەرفەتە ئەوەیە کە پێشکەشکار دەرچووی یەکێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام دانیشتووی پارێزگاکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بێت.
وەزارەت ئاشکرای کردووە کە لینکی تایبەت بە ناردنی داتاکان، کە لەلایەن "ئەنجومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی"یەوە ئامادەکراوە، ئاراستەی تۆماری گشتیی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کراوە.
لەم چوارچێوەیەدا، داوا لەو دەرچووانەی مەرجەکانیان تێدایە کراوە کە لە ئەمڕۆوە سەردانی تۆماری گشتیی زانکۆکانیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنی زانیاریی وردتر لەبارەی چۆنیەتیی پێشکەشکردنی فۆڕمی داتاکان و دەستپێکردنی پرۆسەکە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دوای پڕکردنەوەی فۆڕمەکان، داتاکان لە رێگەی تۆماری زانکۆکانەوە راستەوخۆ بۆ ئەنجوومەنی راژەی گشتیی فیدراڵی لە بەغدا دەنێردرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ