لە هەولێر 5 هەزار نەمامی پرتەقاڵ دەچێندرێت؛ 'دەمانەوێت فەلسەفەی چاندن بگۆڕین'

30-07-2025
بڵند تاهیر
بڵند تاهیر @Bilindtahir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەندازەی پارکەکانی هەولێر، لە چوارچێوەی پلانێکی نوێدا بۆ "جوانکردن و بەهێزکردنی" ژینگەی پایتەخت، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بۆ چاندنی 5 هەزار نەمامی پرتەقاڵ راگەیاند.
 
ئەم پڕۆژەیە تەنیا چاندنی درەختەکان لە پارک و شوێنە گشتییەکان ناگرێتەوە، بەڵکو دابەشکردنی هەزاران نەمام بەسەر هاونیشتمانییاندا، بەخۆڕایی لەخۆدەگرێت، بەمەبەستی هاندانیان بۆ بەشداریکردن لە سەوزکردنی شارەکەدا.
 
ئەو هەنگاوە وەکو سەرەتای "ستراتیژییەتێکی نوێ"ـی ژینگەیی دادەنرێت کە تێیدا گرنگییەکی زیاتر بە چاندنی درەختی بەردار و فرەسوود دەدرێت، لەبری ئەو درەختانەی کە پێشتر تەنیا بۆ مەبەستی جوانی و دابینکردنی سێبەر دەچێندران.
 
لاڤا کەمال، بەڕێوەبەری نەمامگەی نموونەیی لە هەولێر رۆژی چوارشەممە، 30ـی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجمان تەنیا زیادکردنی رووبەری سەوزایی نییە، بەڵکو دەمانەوێت فەلسەفەی چاندن لە شارەکەدا بگۆڕین. درەختی میوە، بەتایبەتی پرتەقاڵ، جوانیی بینراو و سوودی ژینگەیی و ئابووری پێکەوە کۆدەکاتەوە."
 
هەڵبژاردنی درەختی پرتەقاڵ بۆ ئەم پڕۆژەیە بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە لەبەرچەند هۆکارێکی گرنگە؛ ئەو درەختە لەگەڵ کەشوهەوای گەرمی هەولێردا بە "گونجاوە و توانایەکی بەرزی بۆ گەشەکردن و بەرهەمگرتن هەیە." جوانیی درەختی پرتەقاڵ بە درێژایی وەرزەکان دەردەکەوێت؛ لە وەرزی بەهاردا گوڵی سپی و بۆنخۆشی ناسک دەگرێت، لە هاویندا بە گەڵا چڕەکانییەوە سەوزاییەکی چڕ و سێبەرێکی فێنک پێکدەهێنێت، و لە پاییز و زستاندا بە رەنگی پرتەقاڵیی دڵڕفێنی میوەکانییەوە دیمەنێکی بێوێنە بە پارک و شەقامەکان دەبەخشێت."
 
لاڤە کەمال باسی لەوەش کرد، "ئەمە یەکەمجارە کە ئێمە لە نەمامگەکەماندا زیاتر لە 5 هەزار نەمامی مزرەمەنی (سیتروس) بەرهەم دەهێنین. جێگەی خۆشحاڵییە کە هەموو ئەم نەمامانە بەرهەمی خۆماڵین و لە ژێر چاودێریی شارەزایانی خۆماندا گەشەیان کردووە، بەمەش هیچ پێویستیمان بە هاوردەکردنی نەمام لە دەرەوەی وڵات نەبووە."
 
بەڕێوەبەری نەمامگەی نموونەیی لە هەولێر دەڵێت، "بیرۆکەی ئەم پڕۆژە گەورەیە دوای سەرکەوتنی قۆناخێکی تاقیکاری هات. چەند ساڵێک لەمەوبەر، زیاتر لە دوو هەزار نەمامی پرتەقاڵمان لە چەند شوێنێکی جیاوازی هەولێر چاند."
 
"دوای ئەوەی دڵنیابووینەوە لە سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە و گونجانی درەختەکان لەگەڵ ژینگەی شارەکەدا، بڕیارماندا پڕۆژەکە بە شێوەیەکی فراوانتر جێبەجێ بکەین." لاڤە کەمال وای گوت.
 
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی نەمامەکان، بەڕێوەبەری نەمامگەی نموونەیی روونیکردەوە کە دەرگایان بۆ هاونیشتمانییان کراوەیە. هەر هاونیشتمانییەک دەتوانێت سەردانیان بکات و لە نێوان یەک بۆ سێ نەمامی پرتەقاڵ بەخۆڕایی وەربگرێت، هاوکات لەلایەن کارمەندانی نەمامگەکەوە رێنوێنیی وردیی تایبەت بە شێوازی چاندن و چاودێریکردنی پێدەدرێت.
 
بۆ ئەو هاونیشتمانییانەی کە خاوەنی شوێنی گەورەترن وەکو باخچەی ماڵان یان کێڵگە، دەتوانن لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانەوە داواکاریی فەرمی پێشکێش بکەن. دواتر تیمە پسپۆڕەکانیان سەردانی شوێنەکە دەکەن بۆ هەڵسەنگاندن و دابینکردنی ژمارەی پێویستی نەمام بۆیان.
 
لەبارەی پلانی داهاتوویان، لاڤا کەمال گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین و پلانمان هەیە پڕۆژەکە فراوانتر بکەین. بۆ ساڵی داهاتوو کار لەسەر زیادکردنی جۆری دیکەی درەختی بەردار دەکەین، وەکو هەنجیر، زەیتوون، هەرمێ و هەنار، کە هەموویان لەگەڵ کەشوهەوای هەرێمی کوردستاندا دەگونجێن. لە ئێستادا هەردوو درەختی زەیتوون و هەنجیرمان چاندووە و چاوەڕێی ئەنجامەکانیانین تاوەکو ئەوانیش بخەینە ناو پلانی بەرهەمهێنانی فراوانەوە."
 
زاهیر سابیر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی شەقڵاوەیە و دوو نەمامی پرتەقاڵی لە نەمامگەی نموونەیی هەولێر وەرگرتووە، بە رووداوی گوت: "ئەمە هەنگاوێکی زۆر باش و جوانە. هەندێک دار هەن کە نە جوانییان هەیە و نە بەرهەم، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستیان بە ئاوێکی زۆرە. لەبری ئەوانە، پێویستە ئەم جۆرە درەختە بەسوودانە بچێندرێن کە هەم بەردارن و هەمیش دیمەنێکی جوان دەبەخشن. داری پرتەقاڵ یەکێکە لەو درەختانەی کە چوار وەرز سەوز و جوانە."
 
ئەو هاونیشتمانییە پەسنی درەختی پرتەقاڵ دەدات و دەڵێت، مرۆڤ کاتێک بە شەقامێکدا دەڕوات، "زۆر جوانە" کە لە هەموو لایەک پرتەقاڵ و هەرمێ و درەختە بەردارەکانی دیکە ببینێ.
 
ساڵانە لە نەمامگەی نموونەیی ژمارە یەکی هەولێر نزیکەی 300 هەزار نەمام و بنەدار لە جۆرە جیاوازەکان بەرهەمدەهێندرێت. ئەو بەرهەمانە دواتر لە رێگەی بەشەکانی دیکەی ئەندازەی پارکەکانەوە لە شوێنە گشتییەکان و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکاندا دەچێندرێن یان بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەش دەکرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە