رووداو دیجیتاڵ
لە کاتێکدا لە جیهان و عێراق خواستێکی زۆر لەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانە هەن کە دۆستی ژینگە (هایبرێد و کارەبایی)ن، بەهۆی نرخی هەرزان و خەرجی کەمتر لەسەر ئاستی رۆژانە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بەهۆی باجی گومرگی و پارەی تابلۆ، نزیکەی دوو هەزار دۆلار گرانترن لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق.
هێمن شێروان عەزیز، خاوەنی پێشانگایەکی ئۆتۆمبێل لە هەولێر بە رووداوی گوت: "بۆ ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلە لە ئیماراتەوە تاوەکو دەگاتە ئێرە نزیکەی 900 دۆلاری تێدەچێت، چونکە حکومەت باجی ئەمانە کەمتر وەردەگرێت، بەراورد بە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە کە زیاتر لە 2 هەزار دۆلاری تێدەچێت."
ئەمە دەریخست کە خەرجی هاوردەکردن لە دەرەوە بۆ هەرێمی کوردستان کەمترە، بەڵام باج و رسووماتی ناوخۆیی وایکردووە نرخی کۆتاییان بەرز بێتەوە.
جەمال محەممەد، کەسێکە کە بڕیاریداوە ئۆتۆمبێلەکەی لە بەنزینەوە بگۆڕێت بۆ هایبرێد، چاوی لەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان رسوماتی لەسەر هەرزان بکات. ئەو دەڵێت: "چونکە ئۆتۆمبێلێکی بێ مەسروفە و شەحن و هایبرێدە و زۆریش باشە بۆیە کڕیم. داواکارم لە حکومەت هاوشێوەی بەغدا چونکە ئەوە شەحن و هایبرێدە پارەی تابلۆمان لێوەرنەگرێت، لێرە بە دۆلار تاوەکو ژمارەکە وەردەگرین زیاتر لە 11 وەرەقە دۆلار تێچوویەتی، بەڵام لە بەغدا تەنیا پارەیەکی رەمزی دەدەن."
لەو بارەیەوە، عەقید حەیدەر شاکر، گوتەبێژی هاتووچۆی گشتیی عێراق، رایگەیاند: "ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە بەنزین و شەحن کاردەکەن، ئەمانە دەبەخشرێن لە باجی گومرگی و پارەی تابلۆ هیچ پارەیەکیان لێوەرناگیرێت." ئەم بڕیارە لە عێراق هانی هاووڵاتییان دەدات روو لە کڕینی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بکەن کە دۆستی ژینگەن و خەرجیان کەمترە.
ئۆتۆمبێلەکانی هاوردەکراو لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان مافی ئەوەیان نییە لە پارێزگاکانی عێراق مامەڵەی تۆمارکردنیان بۆ بکرێت، و بە پێچەوانەشەوە ئەم ئاستەنگە راستە. ئەمەش کێشەیەکی دیکەیە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت ئۆتۆمبێلی هایبرێد بکڕن و لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش مامەڵەیان پێبکرێت.
داوا دەکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پێداچوونەوە بە یاسا و رێساکانی خۆیدا بکات بۆ ئەوەی هاوشێوەی عێراق، هاوکاریی کڕیارانی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە بێت و هانی بەکارهێنانیان بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ