یەکگرتوو "گەورەترین" ئاهەنگی بانگەشەی دەباتە دهۆک

30-10-2025
هەوار جەلالەدین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان "گەورەترین ئاهەنگی بانگەشەی لیستەکەی" لە دهۆک سازدەکات و تێیدا ئەمینداری گشتیی حیزبەکە گوتارێک پێشکێشی ئەندام و لایەنگرانیان دەکات. 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەباح بابیری، بەرپرسی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە دهۆک بو تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی شەممە کاژێر 3:30 لە هۆڵی (نۆبڵ) نزیک بەنزینخانەی سەیدۆ لە شاری دهۆک بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ئاهەنگێكی جەماوەریی گەورە بۆ سەرخستنی لیستەکەیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەبەن.
 
بابیری دەڵێت، ئاهەنگەکە لە سەر ئاستی مەڵبەندی سێی یەکگرتوو کە سەنتەری شاری دهۆکە بەڕێوەدەچێت، هەروەها مەڵبەندەکانی زاخۆ، ئاکرێ، بەردەڕەش و نەینەوا بەشداری دەکەن و چەندین هونەرمەندیش گۆرانی و سروود پێشکێش دەکەن.
 
سەڵاحەدین بابەکر، سەرۆکی لیژنەی باڵای بازنەی هەولێری یەکگرتوو بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە درووشمی "دەنگی ئێوەین"  بانگەشە بۆ  هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەکات و لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان  16 بەربژێری هەیە، کە بە سەر سێ بازنەدا دابەشبوون، بەم شێوەی خوارەوە:
 
لە بازنەی دهۆک چوار بەربژێر
 
لە بازنەی هەولێر چوار بەربژێر 
 
لە بازنەی سلێمانی هەشت بەربژێر
 
لە بازنەی نەینەوا و کەرکووک یەکگرتوو هیچ بەربژێرێکی نییە
 
بڕیارە رۆژی 11ی تشرینی دووەمی 2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکدێت، کە 320ـیان گشتین و 9 کورسییان کۆتان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە