زانیاریی هەواڵگری: 200 چەکداری داعش لە سووریاوە هاتوونەتە نێو خاکی عێراق

30-11-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەردان چاوشین
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ مەردان چاوشین
نیشانەکردن هێرشی داعش بۆ سەر پێشمەرگە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی میحوەری دووی قەرەتەپە - حەمرینی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت کە بە پشتبەستن بە زانیاریی هەواڵگری زانیویانە هێزیک بە ناوی "حراس الدین" کە لە 200 چەکدار پێکدێن، "بەیعەتیان بە داعش داوە و لە سووریاوە هاتوونەتە نێو خاکی عێراق."
 
لیوا مەردان چاوشین، بەرپرسی میحوەری دووی قەرەتەپە - حەمرینی پێشمەرگە لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە بێستوون عوسمان پێشکێشی دەکات ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو هێزە توانیویانە خۆیان لە کەرکووک، سەلاحەدین و دیالە بڵاوەپێبکەن و لە داهاتوودا مەترسییەکی گەورە لە ناوچەکە دروستبکەن."
 
سەبارەت بە جموجوڵەکانی داعش لە ناوچەکە کە ماوەیەکە زیادبوون و لە 72 کاژێردا بەهۆی دوو هێرشی چەکدارەکان لە سنووری کوڵەجۆ و کفری، هەشت پێشمەرگە شەهیدبوو و شەشی دیکەش برینداربوون. بەرپرسی میحوەری دووی قەرەتەپە - حەمرین رایگەیاند، داعش لە قۆناخی خۆکۆکردنەوەدایە و نەیشاردەوە کە پێی وایە "هاوکاریی دارایی و لۆجیستی لە دەرەوە بەدەستدەهێنن. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە زانیاریی هەیە ئەو رێکخراوە مووچە نەک تەنیا بە چەکدارەکانیان بەڵکو بە کەسوکاری کوژراوەکانیشیان دەدەن."
 
فەرماندەکەی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بۆشاییەی ئەمنییەی لەنێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا هەیە، "بووەتە هۆی زیادبوونی ‌هێرشەکانی داعش." لە سنووری زنجیرە چیای حەمرین و نزیک ناوچەکانی پەلکانە و نەوجوول، بۆشاییەکی ئەمنیی زۆر هەن لەو ناوچانە وا گومان دەکرێت داعش مۆڵگەکانی دانابێت و گۆڕەپانی راهێنانی هەبێت. 
 
لیوا مەردان روونیکردەوە کە نەبوونی هێزێکی پێویستی سوپای عێراق و هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە لەنێوان شێخ باوە و قەرەتەپە بووەتە هۆکارێک بۆئەوەی داعش کە خۆیان لە ناوچەکە بەهێز بکەن بۆ هێرشکردنە سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
 
مەردان چاوشین راشیگەیاند، مەترسییەکانی داعش گەیشتوونەتە ئاستێکی زۆر بەرز، بە تایبەتی دوای گەیشتنی ئەو 200 چەکدارەی لە سووریاوە هاتوون. هەروەها گوتیشی ئەگەری 100٪ـی هەیە لە ماوی داهاتوودا داعش دووبارە هێرش بکەنەوە سەر هێزکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
 
شەوی شەممە 27-11-2021 چەکدارانی داعش لە ناوچەی تەپی تەڵان لە سنووری کوڵەجۆ هێرشیانکردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە، لەکاتی بەهاناوەچوونی پێشمەرگەکانیش، بۆمبێکی چێندراو بە ئۆتۆمبێلێکی پێشمەرگەدا تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و پێنجی دیکەش برینداربوون. رۆژی دووشەممەش یەکێک لە پێشمەرگە بریندارەکان شەهیدبوو. 
 
هەر شەوی دووشەممە لە نزیک قەزای کفری، چەکداری داعش هێرشیان کردە سەر پێشمەرگە و بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و دووانی دیکەش بریندار. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

فڕۆکەیەکی سویسری لە ئاسمانی عێراق. وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە

سویسرا قەدەخەی گەشتکردن بۆ هەرێمی کوردستان و چەند پارێزگایەکی عێراق هەڵدەگرێ

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، حکومەتی سویسرا بڕیاری داوە قەدەخەی گەشتکردن بۆ ژمارەیەک شاری عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵبگرێ. بڕیارەکە هەریەک لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، بابل، کەربەلا و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.