هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد خەڵک بانگهێشتی کۆبوونەوەی جەماوەری دەکات

18 خولەک له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد داوا لە خەڵک دەکات رۆژی، 4-1-2026، لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد بەشداری لە کۆبوونەوەی جەماوەریدا بکەن.
 
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) پێشتر خەڵک و لایەنگرانی لە کۆبوونەوەیەکی گەورە ئاگادار کردبووەوە، هەروەها جەختکراوەتەوە لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەکرێت. 
 
سەررا بوجاک، هاوسەرۆکی گەورەشارەوانیی ئامەد بە ڤیدیۆ ئەو پەیامەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە. 
 
سەررا رایگەیاند، کۆبوونەوە جەماوەرییەکە بە ناوی 'هیوا و ئازادی' دەبێت و ئاماژەی بەوە کردووە، "هەمووان بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە گرنگە دەکەین تێیدا هەموومان هاوار بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسیی دوور لە جەنگ، چەوسانەوە و پێکدادان دەکەین. هەروەها بە یەک دەنگ باسی ئاشتی، ئازادی و هیوا دەکەین. رۆژی 4ی کانوونی دووەم، لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆنی ئامەد، بەهیوای دیدار".
 
دوای ئەوەی کۆبوونەوە جەماوەرییەکەی دەم پارتی رەخنەی زۆری بەدواداهات، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025 رایگەیاند: "بە بڕوای من، رێکخستنی ئەم گردبوونەوە جەماوەرییەی دەم پارتی لە 4ی کانوونی دووەمی 2026، هیچ لایەنێکی نەرێنی و رێگریکردنێکی نییە".
 
بەهۆی ئەوەی وا بڵاوکرایەوە لە کۆبوونەوەکەدا داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکرێ، رۆژی 28-12-2025 گرووپێک پارێزەر دژایەتیی خۆیان بۆ چالاکییەکە راگەیاند و داواکارییان پێشکێشی پارێزگای ئامەد، وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کرد بۆ ئەوەی رێگری بکرێ، بەڵام هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییە نەدرایەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە