کوردستان
لەیلا عومەر شەش مانگ لەمەوبەر وەکو جێگری پارێزگای سلێمانی متمانەی پێدراوە. وێنە: پەیجی پارێزگای سلێمانی لە فەیسبووک
رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی بە تێکڕای دەنگ، رەزامەندی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدەستهێنا، ئەمڕۆ یەکشەممە لەیلا عومەر، وەکو جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی دەستبەکاربوو.
راگەیاندنی پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، ئەمڕۆ، د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، بەئامادەبوونی بریکارانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد، نووسینگەی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی، بەڕێوەبەرە گشتیی و بەڕێوەبەرانی فەرمانگاکانی پارێزگای سلێمانی، پێشوازیی دەستبەکاربوونیان لە خاتوو لەیلا عومەر عەلی، جێگری نوێی پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی کرد.
لەیلا عومەر، یەکێک بوو لەو سێ بەربژێرەی سیڤی خۆی بۆ پۆستی جێگری پارێزگاری سلێمانی پێشکەشکردبوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا کە لە 28-7-2020 بەڕێوەچوو، لە کۆی 27 ئامادەبوو، 27 دەنگم بەدەستهێناوە و متمانەم پێدرا کە ببمە جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی.
لەیلا عومەر، جێگری پارێزگاری سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سوپاسی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی دەکەم بەڕاستی ئەرکیان کێشا و سوپاسی بەڕێوەبەرانی پارێزگاری سلێمانی دەکەم و بەڵێن دەدەم وەک پێشتر خزمەتی خەڵکی سلێمانی بکەم بەبێ جیاوازی."
شەش مانگ بوو لەیلا عومەر وەک جێگری پارێزگاری سلێمانی بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ دەرچووبوو، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەوبارەوە گوتی، "کاک عومەر قەڵادزەیی بۆ ئەم پۆستە خانەنشین بوو، دەبوو ئەم پۆستە پڕبکرێتەوە بۆیە خاتوو لەیلا عومەر بەربژێرکرا و دواتر پێشکێشی ئەنجوومەنی پارێزگار کرا و دەنگی لەسەردرا و پەسەندکرا. دواتر ناوەکەمان نارد بۆ وەزارەتی ناوخۆ و بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان. دوای ئەوەی مەرسوومی بۆدەرچوو جارێکی دیکە بەو هەموو پلەبەندیانەدا دەگەڕێتەوە. خۆیشی لە شوێنێکی زۆر گرنگ و هەستیاربوو کە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی یەکە. کەسێکی لێوەشاوە و گرنگە و دەبوایە کۆمەڵێک کار هەبووایە تەواوی بکات. بۆیە ئەمانە هەمووی هۆکاربوون لە کاتی خۆیدا نەیتوانی دەستبەکاربێت. بۆیە ئەمڕۆ بە خۆشحاڵییەوە توانی دەستبەکاربێت."
لەیلا عومەر عەلی
- ساڵی 1975 لە سلێمانی لەدایکبووە.
- ساڵی 1996 کۆلێژی یاسای لە زانکۆی سەلاحەددین تەواوکردووە.
- ساڵی 1997 لە بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی دامەزراوە.
- ساڵی 2000 بووەتە جێگری بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی.
- ساڵی 2005 بووەتە بەڕێوەبەری تۆمارکردنی خانووبەرەی رۆژهەڵاتی سلێمانی.
- پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
- ئێستا ئەندامی یەدەگی ژنە لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ