لەبارەی بەهای دینار، بانکی ناوەندیی عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە

31-01-2023
هەڵکەوت عەزیز
هەڵکەوت عەزیز
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دراوی عێراقی. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

یەکەم کۆبوونەوەی عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان دوای دەستبەکاربوونی بەڕێوەچوو.  
 
ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەکە تاوەکو بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار بەرزبکرێتەوە. رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو هەر بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق دەچێتە تورکیا و لەگەڵ نوێنەرانى بانکى فیدراڵی و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا کۆدەبنەوە. 
 
نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: لە رێگەی ئەو گفتوگۆیانەی کە بەنیازن ئەنجامی بدەن، دەبێت داوا بکەن لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، بۆ ئەوەی ئەو رێکارانەی گیراوەتەبەر ئێستا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستمی ئەلیکترۆنی حەواڵەی دۆلار، ئەوان کارئاسانی بکەن بۆ عێراق بە شێوەیەکی پلەبەندی واتە مۆڵەتی ماوەیەک بدەن بە عێراق بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ئەم رێکارە نوێیانە تاوەکو کاریگەریی ئەو شۆکەی کە دروستبووە لەسەر ئابووری عێراق کەمبێتەوە. 
 
رۆژانی 8 و 9ـى شوبات بۆ تاوتوێکردنى هەمان پرس بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق سەردانى ئەمریکا دەکەن. هەروەها بانکى ناوەندى جەخت لەوە دەکاتەوە رێوشوێنى دیکە دەگرنەبەر بۆ فرۆشتنى دۆلار و زیادکردنى دەروازەکانى فرۆشتن و هاوکاریکردنی بازرگانە بچووکەکان و کۆمپانیاکان بۆ بەدەستهێنانى دۆلار بەمەبەستى بازرگانى. 
 
باسم خەشان، پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت: دەوڵەت، بانکی ناوەندیی عێراق و حکومەتی نوێی عێراق لەتوانایاندایە رێوشوێن بگرنەبەر تاوەکو نرخی دۆلار بگەڕێننەوە نرخی فەرمی کە دیاریکراوە ئەمەش دەکرێت بەشێوەیەکی بەپەلە بێت، پێشتر شێواوییەکی زۆر هەبوو وایکرد دینار بەم شێوەیە دابەزێت، بۆ نموونە هێشتنەوە پارێزگاری پێشووی بانکی ناوەندی بۆ ماوەیەکی زۆر کە پێچەوانەی یاسا بوو، هەروەها بەردەوامی هەڵەکانی حکومەتی پێشوو هۆکاربوون تاوەکو دۆخەکە گەیشتە ئەم ئاستە. 
 
لەسەر راسپاردەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق وەزارەتی بازرگانی بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى خۆراک لە بازاڕدا بەهۆى دابەزینى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار چەندین جۆر خۆراک بە نرخى پاڵپشتیکراوى کەمتر لە بازاڕ بە خەڵک دەدەن ئەم پرۆسەیە لە هەفتەی داهاتووەوە دەست پێدەکات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە