عەلی حەمە ساڵح: دابەشکردنی ژمارەی تایبەت راگیراوە؛ هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت 'رانەگیراوە'

31-05-2022
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، دابەشکردنی ژمارەی تایبەتی ئۆتۆمبێل لە هاتووچۆی سلێمانی راگیراوە، بەڵام هاتووچۆی سلێمانی ئەوە رەتدەکاتەوە.
 
رۆژی سێشەممە 31ی ئایاری 2020 عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای بەدواداچوون و خستنەڕووی گرفتەکانی دابە‌شكردنی ژمارە‌ی نوێی ئۆتومبێل لە‌ سلێمانی، "بڕیاری دابەشکردنی راگیرا،" قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوە‌زیرانی هەرێمی کوردستان پە‌یوە‌ندیی پێوە‌ كردووە و بڕیارە‌ گۆڕانكاری لە‌ میكانیزمی دابەشکردنەکەیدا بکرێت، بە جۆرێک كە‌ سوودی زیاتری بۆ داھاتی گشتی و سلێمانی هەبێت.
 
هاوکات هاتووچۆی سلێمانی رەتیدەکاتەوە پێدانی ژمارەی نوێ یان ژمارە تایبەتەکانی ژمارەی نوێی ئۆتۆمبێل راگیرابێت. ئەمڕۆ سێشەممە 31ی ئایار، عەقید بەختیار محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێدانی هیچ جۆرێک لە ژمارەکانی ئۆتۆمبێل لە سنووری پارێزگای سلێمانی رانەگیراوە."
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان پێدانی ژمارەی تایبەتیان "سنووردار کردووە و رایان نەگرتووە." ئەوەیشی خستەڕوو، "ئێستا کە قسە لەگەڵ ئێوە دەکەم، هاونیشتمانیان سەرقاڵی مامەڵەی ژمارەی تایبەتی نوێن، ئەوەی کردوومانە سنووردارکردنە و رۆژانە زیاتر لە 200 مامەڵە وەرناگرین."
 
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنەکەی عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، بۆ هەر ژمارەیەکی تایبەت و جوان ملیۆنێک و 900 هەزار دینار لە هاونیشتمانییان وەردەگیرێت "کۆمەڵێک منداڵی بەرپرس و دامەزراوە دێن ژمارەکان دەبەن و بازرگانیی پێوە دەکەن؛ تێیاندایە دواتر لە بازاڕدا 10 هەزار دۆلار دەکات."
 
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەش کرد، "ئەگەر پارەکە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بووایە، ئێمە قسەمان نەدەکرد؛ با بیکەن بە شەقام و رێگەوبان."
 
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 26ی ئایار، دابەشکردنی ژمارەی ئۆتۆمبێل بە سیستمی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەستیپێکرد.
 
رۆژی دووشەممە 25-04-2022، پاڵپشت بە رێنوێنی ژمارە 2ی ساڵی 2022ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی بە سیستمی نوێی یەکگرتوو لەگەڵ حکومەتی ناوەند چاپ کرد و دواتر لە پارێزگاکانی دیکەش هەمان ژمارە درایە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تۆمار دەکران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

دوو کەس لە سنە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

لە رووداێکی هاتووچۆدا لە رێگەی سنە-کامێرانی پارێزگای سنە، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.