رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی رایگەیاند، لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا 3552 هاووڵاتیی ئێزدییان لە دەستی داعش رزگار کردووە، کە ژمارەیەکی زۆریان ژن بوون.
رۆژی سێشەممە، 31ی ئایاری 2022 حوسێن قائید، بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەبارەی ئازادکردنی رفێندراوانی کوردی ئێزدی لەدەستی داعش لە ساڵی 2014وە تاوەکو ئێستا، بە رووداوی گوت، توانیویانە 3552 رفێندراو رزگار بکەن، کە 1207 کەسیان ژن و 339 پیاو بوون، هەروەها 1050 منداڵی کچ، 956 منداڵی کوڕیشیان رزگار کردووە.
سەبارەت بەو کەسانەی کە لەلایەن داعشەوە کوژراون و توانراوە تەرمەکانیان بدۆزرێتەوە، باسی لەوە کرد، "146 ئێزدی کە کوژراون، توانیومانە تەرمەکانیان بدۆزینەوە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی 2719 کوردی ئێزدی تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن، کە 1274 کەسیان ژن و 1445 کەسیان پیاون. گوتیشی، ژمارەی ئێزدییەکان بەگوێرەی ئامارێکی نووسینگەی رزگاركردنی رفێندراوانی ئێزدی نزیکەی 550 هەزار کەس دەبن، کە بەهۆی داعشەوە 360 هەزاریان ئاوارە بوون و 100 هەزاریشیان چوونەتە دەرەوە.
لە هێرشی داعش بۆسەر شنگال لە ساڵی 2014، داعش ژمارەیەکی زۆر کوردی ئێزدی رفاند و ژمارەیەکیشی لێ کوشتن، هەروەها بەشێک لە رفێنراوەکانیشی کوشت. بە گوتەی حوسێن قائیدی، کوژراوەکان لەنێو 82 گۆڕی بەکۆمەڵدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ