رووداو - بارزان
لەکاتێکدا یادی 36ـەمین ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان دەکرێتەوە، کە لە بیابانەکانی سەماوە گۆڕی بەکۆمەڵی ژمارەیەک ئەنفالکراوی گەرمیان هەڵدەدرێنەوە، "دیمەنەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە زۆر ناخهەژێنن"، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: ئەمساڵ یادکردنەوەی جینۆسایدی ئەنفالی بارزانییەکان لە ساڵانی رابردوو خەمناکترە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی یادی 36 ساڵەی ئەنفال و جینۆسایدكردنی بارزانییەکان، لە بارزان گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی "چەند رۆژێکە جارێکی دیکە چاومان لە بیابانەکانی عێراقە، چاومان لە گوندی شێخول بادەی نزیک نوگرە سەلمانە، کە رووفاتی زیاتر لە 75 کوردی ئەنفالکراوی تێدا دۆزراوەتەوە. هەموویان ژن و منداڵن و دیمەنەکان زۆر دڵهەژێنن. منداڵی ساوا دۆزراوەتەوە کە لە باوەشی دایکیدا گوللـەبارانکراوە و تووند سینگی دایکی گرتووە، ژنێکی دیکە دۆزراوەتەوە 5 منداڵی بچووک بە تەنیشتییەوە گوللـەبارانکراون".
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەڵێ "ئێمەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید لە گەرمیانەوە تاوەکو بادینان، ئێمەی خەڵکی کوردستان ناخ و دەروونمان جارێکی دیکە بەو دیمەنانە هەژاوەتەوە. جارێکی دیکە دیمەنی گوللـەباران و زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار کەسی بێتاوان و مەدەنی، خەڵکی کوردستانمان لەو بیابانانەدا دێتەبەرچاو کە تەنیا لەسەر کوردبوون و نیشتمانپەروەری بەکۆمەڵ شەهیدکراون".
هەرچەندە هەزاران کورد لە شاڵاوەکانی ئەنفالدا گوللـەبارانکراون، یان زیندەبەچاڵ کراون، بەڵام وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ "تائێستا تەنها رووفاتی دوو هەزار 672 شەهید لەو 182 هەزار ئەنفالکراوە گەڕێنراونەتەوە کوردستان، لە هەشت هەزار بارزانیش، تەنها رووفاتی 596 کەس کە شەهیدکراون، گەڕێنراونەتەوە دەڤەری بارزان و لێرە لە خاکی پیرۆزی کوردستان نێژراون".
دەقی وتارەکەی نێچیرڤان بارزانی:
ئامادەبووانی بەڕێز، کوردستانیانی خۆشەویست، کەسوکاری بارزانیانی ئەنفالکراو، خەڵکی دەڤەری بارزان. رۆژتان باش و هەموو لایەکتان بەخێربێن.
سوپاسی بەشداری هەموو لایەکتان دەکەم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێمە کۆبوونەتەوە بۆ رێزگرتن لە یادی 36 ساڵەی ئەنفالکردنی بارزانییەکان.
بەخێرهاتنی کونسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی کوردستان دەکەم، بەخێرهاتنی هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەکەم، کە ئەمڕۆ تەشریفیان هێناوە، پەرلەمانتاران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو ئەو بەڕێزانەی تەشریفیان هێناوە، هەموو لایەکتان بەخێربێن.
یادکردنەوەی تاوانی جینۆساید و ئەنفالی بارزانییەکان ئەمساڵ لە ساڵانی دیکە خەمناکتر و کاریگەرترە، چەند رۆژێکە جارێکی دیکە چاومان لە بیابانەکانی عێراقە، چاومان لە گوندی شێخول بادەی نزیک نوگرە سەلمانە، کە روفاتی زیاتر لە 75 کوردی ئەنفالکراوی تێدا دۆزراوەتەوە، کە هەموویان ژن و منداڵن، دیمەنەکان زۆر دڵهەژێنن. منداڵی ساوا دۆزراوەتەوە کە لە باوەشی دایکیدا گوللـەبارانکراوە و تووند سینگی دایکی گرتووە، ژنێکی دیکە دۆزراوەتەوە 5 منداڵی بچووک بە تەنیشتییەوە گوللـەبارانکراون.
ئێمەی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و جینۆساید لە گەرمیانەوە تا بادینان، ئێمەی خەڵکی کوردستان ناخ و دەروونمان جارێکی دیکە بەو دیمەنانە هەژاوەتەوە. جارێکی دیکە دیمەنی گوللـەباران و زیندەبەچاڵکردنی 182 هەزار کەسی بێتاوان و مەدەنی، خەڵکی کوردستانمان لەو بیابانانەدا دێتەبەرچاو کە تەنیا لەسەر کوردبوون نیشتمانپەروەریی بە کۆمەڵ شەهیدکراون.
تائێستا تەنها رووفاتی 2 هەزار 672 شەهید لەو 182 هەزارە ئەنفالکراوە گەڕاوەتەوە کوردستان، لە 8 هەزار بارزانیش تەنها رووفاتی 596 کەس کە شەهیدکراون، گەڕاوەنەتەوە دەڤەری بارزان و لێرە لە خاکی پیرۆزی کوردستان نێژراون.
دۆزینەوەی هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ، دۆزینەوە و هێنانەوەی هەر رووفاتێک هەموو گەلی کوردستان دەخاتە ماتەمینییەوە، چونکە شێوەی گرتن و ئەنفال و شەهیدکردنی خەڵکی کوردستان زۆر کەموێنەیە لە مێژووی هاوچەرخی جیهاندا.
ئەمڕۆ ئێمە لێرە یادی 36 ساڵەی جینۆساید و ئەنفالکردنی 8 هەزار بارزانی دەکەینەوە، رۆژی 31ـی تەمموزی ساڵی 1983، هەر پیاو و مێردمنداڵێکی بارزانی بووبێت لای رژێمی عێراق تاوانبار بووە و گیراوە، دوای مانگێک هەموویان لە بیابانەکانی پارێزگای موسەننا گوللـەبارانکران و خرانە گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
ئەو بارزانیانە لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکاندا لە قوشتەپە، بەحرکە، هەریر و دیانا دەستگیرکران، لە کۆتایی حەفتاکاندا هەموو گوندەکانی دەڤەری بارزان رووخێندران و 2 هەزار و 925 خێزانی بارزانی لەو کۆمەڵگە زۆرەملێیانەدا نیشتەجێکران، دواتریش هەموویان بە کۆمەڵ ئەنفالکران.
ژیانی ژن و منداڵی بارزانی دوای ئەو ئەنفالکردنە، زۆر سەختتربوو، ئەوکات ئەرکی ژیاندنی خێزان بەتەواوەتی کەوتە سەر شانی ژنانی سەربەرزی بارزانی، منداڵەکانیان لەناو مەرگەسات و دۆخێکی زۆر ناخۆشدا گەورەکرد. زۆر لە منداڵە بارزانییەکان ناچاربوون بەهۆی ترس و خراپتربوونی ژیانی خێزانەکانیانەوە واز لە خوێندن بهێنن.
خێزانەکان بەهۆی ئەنفالکردنی سەرخێزانەوە بەتەواوەتی ژیانیان تێکچووبوو، هەموو ئەو ژن و پیاوانەش کە لە هەڵمەتی ئەنفالکردنەکە رزگاریان بوو، لە ترسێکی بەردەوامدابوون و چاوەڕێ بوون ئەوانیش رۆژێک بگیرێن، ئەو دۆخە ناخۆشە ئەوەی بەسەر بارزانییەکان و گەلی کوردستاندا هات لەژێر دەسەڵاتی رژێمی عێراق تاوەکو راپەڕینی ساڵی 1991 بەردەوام بوو، بەڵام دایکانی بارزانی بە سەربەرزی و بە تەحەدا و ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە رووبەڕووی سەختییەکانی ژیان و قەدەر بوونەوە. لەلایەک بۆ منداڵەکانیان بوونە باوک و بە رەنج و کارکردن بژێوی ژیانیان پەیداکرد، لەلایەکی دیکەشەوە منداڵەکانیان بە گیانی بەرزی کوردانە پەروەردە و گەورەکرد.
ئەمڕۆ دەبینین ئەو منداڵانە گەنجی بەتوانا و لێهاتوون و لەمڕۆدا خزمەتی کوردستان و گەلەکەیان دەکەن، دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە رووسپییانە ماچ دەکەین و سوپاسیان دەکەین. بۆ هەمیشە ئێمە قەرزداری ئەو دایکە میهرەبان و خۆشەویستانەین چ لێرە لە بارزان چ لە گەرمیانی خۆڕاگر بن.
لێرەدا کە باسی ژیانی ئەو خێزانە بارزانیانە دەکەین، پێویستە وەک هەمووجار سوپاسی جوامێری خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بکەم، کە کوردانە و مرۆڤانە ئەوەندی بۆیان کرا، بەشێوەیەکی نهێنی هاوکاریی خێزانە بارزانییەکانیان کرد. بەڕاستی هەولێری خۆشەویست وەک هەمیشە جوامێری نواند، هەروەک چۆن دواتریش جوامێری بەرامبەر بە دەرکراوانی بادینان و کوردانی دەربەدەرکراوی شەبەک نواند، زۆر سوپاس بۆ خەڵکی خۆشەویستی هەولێر. ئێوە یارمەتیدەرێکی گەورەبوون بۆ سەرنەگرتنی تەواوی پلانەکەی رژێم بۆ جینۆسایدکردنی بارزانییەکان. سوپاس بۆ خەڵکی هەریر و باتاس و دیانا و سۆران و دەوروبەریان، کە بەڕاستی ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان هاوکاری بارزانییەکانیان کرد.
ئەنفالکردنی بارزانییەکان بە هەموو پێوەرێک جینۆساید بوو، لەبەر ئەوەش لەدوای رووخانی رژێمی بەعس دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رۆژی 11ی ئایاری 2011 بڕیاری بە جینۆسایدکردنی ئەنفالی بارزانییەکانی دەرکرد.
بەڕێزان...
بارزان و گوندەکانی ناوچەکە چەندینجار رووخێندراون و سووتێندراون، بۆ یەکەمجار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ساڵانی 20 و سییەکانی سەدەی رابردوو، بارزان بە ناپاڵم و بۆمبی تەوقیتکراو بۆمببارانکرا، چونکە ببووە مەکۆی راپەڕین و شۆڕش. ئەو بزووتنەوەیەش لە باوەڕێکی قووڵەوە سەرچاوەی دەگرت.
بارزان خاوەن پێگەیەکی عیرفانی دابونەریتی مرۆڤانەی بەرزە، بارزانییەکانیش خاوەن مێژوویەکی شۆڕشگێڕی دێرینن. عەقیدەی بارزان، عەقیدەیەکی زۆر ریشەداری کوتاوە، ئامانجەکەشی زۆر مرۆڤانە بووە، هەموو بارزانییەک بە گوێرەی ئەو عەقیدەیە خۆی بە بەرپرسیار بینیوە بەرامبەر خودا، لەبەر ئەوەش خۆی بە خاوەن ئەرک بینیوە بەرامبەر بە هەموو بوونەوەرێکی خودا.
بارزانییەکان بۆ پاراستن و بەرگیرکردن لە ماف و ژیانی هەموو مرۆڤێک بە هەموو ئایینەکانەوە خۆیان بە بەرپرسیار زانیوە، بەهۆی ئەو عەقیدەیەوە دانانی رێساکانی پاراستنی باڵندەکان، گیانلەوەران و ژینگەیان بە گشتی کردووەتە ئەرکی خۆیان.
پاراستنی مافی ژنان و منداڵان یەکێک بووە لە تایبەتمەندییەکانی خێزان لە بارزان، پاراستنی مافی جووتیاران لە دەڤەری بارزان سیستەمی دەرەبەگی لە ناوچەکەدا هەڵوەشاندووەتەوە، ئەمەش بەپێی هەمان ئەو عەقیدەیە و سەرچاوەکەشی ئەو بیرو باوەڕە بووە.
بارزانییەکان لەو باوەڕەدابوون کە دادپەروەری لەژێردەستی و ستەم دروست ناکرێت، لەبەرئەوە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری لەوپەڕی نەبوونیدا بە باوەڕێکی زۆرەوە خەباتیان کردووە لەپێناو رزگاری خۆیان و دەوروبەر و نەتەوەکەیان.
لە بارزان مزگەوت، دێر و کەنیشت لە تەنیشت یەکدییەوە بوون، دادپەروەری نێوان موسڵمانان و مەسیحی و جولەکەش ئەوەندە لە ئاستێکی باڵادابوو کە مەسیحی و جولەکەی ناوچەکانی دەوروبەر پەنایان هێناوەتە لای شێخەکانی بارزان بۆ پاراستنیان و سەندنەوەی مافەکانیان لە خەڵکی دیکە.
عەقیدەی بارزان بەردەوام لەناو رێسا مرۆڤایەتییەکاندا گەشەی کردووە و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکرد، دوای ئەوە زۆر بە فراوانی و ئاشکرایی ئەو عەقیدەیە پەڕییەوە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕش و دەستپێکردنی خەباتی نەتەوەیی بە تایبەتی لەسەردەمی شێخ عەبدولسەلامی دووەمدا.
شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، زانا و گەورەکانی کوردستانی لەسەر مافە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کوردی رێکخست و کۆکردەوە. داواکارییەکانی گەلی کوردستانی بەشێوەی نووسراو لە کۆمەڵێک خاڵی زۆر رووندا گەیاندە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و زلهێزەکانی ئەوکات، لەبەرئەوەش شێخ عەبدولسەلامی بارزان بە دانەری یەکەمین مانفێست و رێبازی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی گەلی کوردستان دادەنرێت.
لەدوای لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلامی بارزان لە ساڵی 1914، عەقیدەی بارزان لەسەر دەستی شێخ ئەحمەدی بارزان، خودانی بارزان لە هەرسێ رووی ئایینی و کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێڕییەوە لە گەشەکردنێکی بەرچاو بەردەوامبووە.
بارزانییەکان لە رووی رووحییەوە زیاتر گەشەیان کرد، هەروەها پاراستنی ژینگە و گیانلەوەر و باڵندەکانیان زیاتر بڵاوکردەوە و ئەو باوەڕەیان بەهێزکرد، چونکە دوای بڵاوبوونەوەی چەک و تەقەمەنی خودانی بارزان زۆر رێنمایی تازەی وردی دەرکرد بۆ پاراستنی ژینگە و باڵندە لەدەستی مرۆڤ. تەنانەت رێنماییەکانی خودانی بارزان گەیشتە ئەوەی کە هانی بارزانییەکانی دەدا ئەگەر لەسەر رووباری گەورەش بن نابێت زیاتر لە پێویستی خۆیان ئاو بەکاربهێنن و نابێت ئاو بەفیڕۆ بدەن.
هەروەها جەنابی شێخ خەڵکی رادەهێنا لەسەر تەحەمولکردن و سەر نەوی نەکردن بۆ هیچ ستەمکارێک و زۆردارێک. کاتێک دوای رووخانی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد لەگەڵ خێزانەکان و ژمارەیەکی زۆر لە بارزانییەکان گەڕایەوە عێراق، ماوەی 3 ساڵ لە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدان و 9 ساڵ حوکمی زیندانی هەتا هەتاییدا، سەرەڕای زۆر داواکاری، ئامادەنەبوو نامەیەک بۆ مەلیک بنووسێت و داوای لێبووردنی لێبکات، بەڵکو هەر لە زینداندا مایەوە تاوەکو لەگەڵ رووخاندنی رژێمی مەلەکی و دروستبوونی کۆماردا ئازادکرا.
بەهۆی یەکگرتوویی و پابەندبوونیان بە عەقیدە و کردەوە لەگەڵ یەکتر، بارزان و بارزانییەکان رۆڵ و پێگەی گەورەیان لە مێژووی خەباتی گەلی کوردستاندا هەبووە. یەکگرتوویی خۆیان دەپارێزن بۆ ئەوەی هێزێکی کاریگەر بن بۆ مافەکانی گەلی کوردستان و دادپەروەری، چونکە بارزانییەکان بەو شێوەیە پەروەردەکراون، لەوەش کەمتر بە شایانی مێژووی خۆیان نابینن.
عەقیدەو کولتووری بارزان رێگایەک بووە بۆ رازیبوونی خودا لە مرۆڤ و رازیبوونی مرۆڤ لە یەکدی. لەبەر ئەوەش هەموو بارزانییەک کە خاوەن عەقیدەیەکی راستەقینە بووبێت چاوی لەوە بووە خودا و دەوروبەرەکەی بە کردەوە لێی رازی ببن، نەک بە خۆسەپاندن. بۆیە بارزان هیچ کاتێک خۆی نەسەپاندووە و ستەمیشی قەت قبووڵ نەکردووە، لەبەر ئەوەش بەردەوام لە شۆڕشدا بووە بۆ دادپەروەری و ئازادی.
کوردستانییانی خۆشەویست...
ئێمە ئەمڕۆ رێز لە یادی ئەنفالکراوەکانی بارزانی دەگرین، لە هەمان کاتدا یادی ئەنفالکراوەکانی گەرمیان، بادینان، شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە، بالیسان، شێخ وەسانان و بێسەروشوێنکردنی کوردانی فەیلی بەیاد دەهێنینەوە. یادی کۆمەڵکوژی شنگال دەکەینەوە. سڵاو و رێز و پێزانین بۆ هەموو ئەو دایکە میهرەبان و جوامێرانە، دوای ئەنفالەکان هەر لە گەرمیانەوە تا بارزان و بادینان ئەرکی سەختی ژیاندن و پەروەردە و گەورەکردنی منداڵەکانیان کەوتە ئەستۆ، ئەوان هەموویان هەڵگری هەمان ژان و هەمان سیمووبلی ئەو ستەمە گەورەیەن کە لە گەلی کوردستان کراوە.
زۆرجار لە یادی ئەنفالدا لێرە لە بارزان دایکان و خەڵکی گەرمیانم بینیوە، لە گەرمیانیش دایکان خەڵکی بارزانیم بینیوە، ئەوان هەڵگری هاوبەشی هەمان هەست و سۆز و هەمان ئازار و ناسۆری هاوبەشن، سڵاویان لێبێت و دەستیان ماچ دەکەم.
لە یادی ئەنفالی بارزانیاندا جەخت لەوە دەکەینەوە کە بەپێی دەستووری عێراق و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و رێپێوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رابردوو، حکومەتی فیدراڵی عێراق پێویستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و زیانلێکەوتووانی کوردستان بکاتەوە، جارێکی دیکە لێرەوە ئەو داوایە لە حکومەتی عێراق دەکەین کە پابەندبێت بەو بڕیارانە و قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان و زیانلێکەوتووانی کوردستان بکاتەوە.
جارێکی دیکە بەخێرهاتنی ئێوەی بەڕێز دەکەم و هەزاران سڵاو دەنێرم بۆ گیانی شەهیدانی جینۆسایدی بارزانی و ئەنفالکراونی گەرمیان و بادینان و شەهیدانی هەڵەبجەو شنگال و هەموو کوردستان.
بەخێربێن.. زۆر سوپاس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ