رووداو دیجیتاڵ
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان زۆرترین تووشبووانی کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆکن، بەڵام هاونیشتمانییان وەک پێویست پابەندین بە رێکارە خۆپارێزییەوە، لەبەرئەوەشە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای دهۆک بڕیاری بەستنی ماسکی کردووەتە ناچاریی و لەڕێگەی چوار تیمەوە چاودێریی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکات.
بازاڕی دهۆک یەکێکە لە قەرەباڵخترین شوێنەکانی ئەو شارە، سەرەڕای تووندکردنی رێکارە خۆپارێزییەکانی کۆرۆنا، بەڵام هێشتا بەشێک لە خەڵکی پابەندی بەستنی ماسک نابن.
نزار عەبدوڵڵا، پێشمەرگەیە و لەنێو بازاڕی دهۆک ماسکی بەستووە و دەڵێت "دەبینین کە خەڵکێکی زۆر ماسکی نەبەستووە و ئەوەش شتێکی زۆر ناشرینە، دۆخەکە زۆر مەترسیدارە و باش نییە."
ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک بڕیاری داوە هەر دووکاندارێک ماسک نەبەستێت یان کڕیار بە بێ ماسک سەردانی ئەوان بکات، سزا دەدرێن.
عیرفان عەبدولڕەحمان، دووکاندار لەنێو بازاڕی دهۆک، دەڵێت "بە چەند کەسێکی عەرەبم گوت کە ماسک ببەستن و بەگوێیان نەکردم، هەندێک کەسی دیکەش هاتن و هەمان وەڵامیان دایەوە و گوتیان ماسک نابەستین، ئێمە ناتوانین بە خەڵک بڵێین چونکە ئەوان وەڵاممان دەدەنەوە و دەڵێن تۆ چ ئیشێکت هەیە، بەڵام ئەگەر بێت و حکومەت لە چەند شوێنێکی بازاڕ پۆلیس دابنێت و بە خەڵک بڵێن باشتر دەبێت."
قەزای ناوەندیی دهۆک چوار تیمی پێکهێناوە و سەردانی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن و هەر کەسێک پابەندی رێنوێنییەکان نەبن سزا دەدرێن.
دکتۆر ئاراز مستەفا، نوێنەری تەندروستی لە لیژنەی بەدواداچوونی بازاڕ لە قایمقامییەتی دهۆک دەڵێت "ئێمە رێکارەکانمان تووندکردووە و هەر کەسێک پابەندنەبێت ئێمە ناچارین شوێنەکەی دابخەین و تاوەکو ئێستاش 12 شوێنمان داخستوون."
بڕیارە رۆژی سێشەممە 03-08-2021 جارێکی دیکە ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای دهۆک کۆببێتەوە، ئەگەر ئاماری تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا بەرز بمێنێتەوە رێکار و بڕیاری نوێ دەردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ