بەبێ کارتی نیشتمانیش دەتوانیت ببیتە خاوەنی هەژماری فۆڕمی خۆراک

31-07-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پرۆسەی خۆتۆمارکردن لە پسووڵەی ئەلیکترۆنیی خۆراکە، بەڵام هێشتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 400 هەزار کەس خۆیان تۆمار نەکردووە. بەرپرسێکی پارێزگاکەش دەڵێت، داوایان لە بەغدا کردووە ماوەکە درێژ بکاتەوە. دەشڵێت ئەوانەی کارتی نیشتمانییان نییە، دەتوانن هەژمار بکەنەوە و دواتر خۆیان تۆمار بکەن.
 
ئاراس محەممەد ئەمین، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی، میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو راگەیاند، پرۆسەی خۆتۆمارکردنی ئەلیکترۆنی بۆ فۆرمی خۆراک تاوەکو کاژێر 12:00ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت. بەهۆی ئەوەی هێشتا ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی ماون خۆیان تۆمار بکەن، داوایان لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە ماوەکە درێژ بکاتەوە.
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە کۆی ملیۆنێک و 969 هەزار کەس، تائێستا 417 هەزار و 126 کەس خۆیان لە سیستمی پسوولەی ئەلیکترۆنیی خۆراکدا تۆمار نەکردووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری خۆتۆمارنەکردنی ئەو ژمارە زۆرەی هاونیشتمانیان، ئاراس محەممەد ئەمین گوتی: "هۆکارەکان جیاوازن؛ بەشێکیان کێشەی نەبوونی کارتی نیشتمانییان هەیە، هەندێکیان لە دەرەوەی وڵاتن و بەشێکیشیان لەبەر کەمتەرخەمیی خۆیان بووە."
 
بۆ ئەو هاونیشتمانیانەی کارتی نیشتمانییان نییە، بەڕێوەبەری رێکخستنی پسووڵەی خۆراکی سلێمانی رێنوێنییان دەکات و دەڵێت: "پێویستە قۆناخی یەکەم لە رێگەی ئەپڵیکەیشنی (البطاقة التموينية) هەژمارێک دروست بکەن و لە قۆناخی داهاتوودا کاتێک کارتی نیشتمانییان وەرگرتەوە داتاکانیان تەواو بکەن."
 
ئاراس محەممەد ئەمین هۆشداری دەداتە هاونیشتمانییان و دەڵێت، "ئەو ژمارەیەی کە لەدوای تۆمارکردن بۆ هاونیشتمانی دێتەوە، دەبێتە پسووڵە ئەلیکترۆنییەکەی، بۆیە زۆر گرنگە هاونیشتمانییان ژمارەی فۆرم و وشەی نهێنی (پاسۆرد)ـەکانیان بەباشی بپارێزن."
 
لەبارەی ئەو گرفتانەی رووبەڕوویان بوونەتەوە، ئاراس محەممەد ئەمین گوتی، "زۆرترین گرفت کە رووبەڕوومان بووەتەوە، بابەتی جیابوونەوەی هاوژینان بووە. هەوڵمانداوە کۆد و ژمارەی فۆرم بۆ یەکێکیان وەربگرین و ئەگەریش لایەکیان سڕابووەوە، دۆسیەی نوێمان بۆ کردوونەتەوە و رەوانەی بەغدامان کردووە." هەروەها گوتی "کەمترین کێشەشمان نەخوێندنەوەی دەموچاو بووە بەهۆی نەشتەرگەریی جوانکارییەوە."
 
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانی داهاتوو، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی رایگەیاند کە لە قۆناخی داهاتوودا زیادکردنی هاوژینی نوێ و تۆمارکردنی منداڵ دەکرێتەوە، بەڵام ئەم خزمەتگوزارییانە بە پارە دەبن. گوتی: "بڕی 10 هەزار دینار وەک رسوومات و هەزار دیناریش بۆ دروستکردنی کارتی نەخۆشخانە و قوتابخانە وەردەگیرێت، کە کۆی گشتی دەکاتە 11 هەزار دینار."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە