پارێزگاری هەولێر لەبارەی رووداوەکەی نزیک لە قەڵا: رێکخراو نەبووە

31-10-2025
زانیار بەهادین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری هەولێر لەبارەی رووداوەکەی نزیک قەڵای هەولێر دەڵێت، بابەتەکە رێکخراو نییە و پەیوەندی بە هیچ حزبێکەوە نییە.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "سوپاس بۆ هاونیشتمانییانی شارەکەمان بە هەموو لایەنە سیاسییەکانەوە کە بانگەشەی [هەڵبژاردن] زۆر بە باشی و بە ئارامی بەڕێوەدەچێت."
 
سەبارەت بەو گرتە ڤیدیۆیەی نزیک قەڵای هەولێریش کە تێیدا کێشە لەنێوان لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دروستبووە، ئومێد خۆشناو گوتی، "ئەو بابەتە رێکخراو نییە و پەیوەندی بە هیچ حیزبێکەوە نییە. دوو گرووپی گەنج کە حەماسەتێکی زیاتریان هەیە، بانگەشەیان کردووە و بەریەک کەوتوون."
 
ئومێد خۆشناو باسی لەوەش كرد، ئەوان ڤیدیۆکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینیوە، کێشەکە لەنێوان گرووپێکی 10 تاوەکو 15 گەنج بووە و لە هەموو شوێنێکیش شتی لەو جۆرە هەر روودەدات.
 
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی بە لایەنە سیاسییەکان دا کە بانگەشەکردن لە شارەکە بە یەک پانتاییە لە چوارچێوەی یاسا و رێنمایەکانی کۆمیسیۆن و بە گوێرەی رێکارەکانی لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەولێریش بریاردراوە چۆن بانگەشەی هەڵبژاردن دەکرێ و رایگەیاند، هیچ کەسێک رێگری لێ ناکرێ و هیچ کەسێک جیاواز نییە لە لایەنێکی دیکە.
 
 
ئومێد خۆشناو داوای لە لایەنە سیاسییەکان و لایەنگرانیان کرد، "ئەوەی لە بارەگا، کۆمەڵگە و گردبوونەوەکان"ی خۆیان دەیکەن، نەیبەن ناو چەقی شار.
 
رۆژی 03-10-2025 بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستی پێکرد و رۆژی 06-11-2025 کۆتایی دێت.
 
دەنگدانی تایبەت لە 09-11-2025 و دەنگدانی گشتیش لە 11-11-2025 بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە