دەزگای روانگە ئێوارەخوانێک لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێر رێکدەخات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
خانەی بەساڵاچووانی هەولێر
خانەی بەساڵاچووانی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەزگای روانگە بەبۆنەی سەری ساڵ سەردانی خانەی بەساڵاچووانی هەولێری کرد. بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگاکە دەڵێت، جیا لە ئێوارەخوان و خوێندنەوەی مەولوود، دیاری پێشکێشی بەساڵاچووان دەکرێ.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 31-12-2025، حەسەن شێخ عەلائەدین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە سەبارەت بە بەڕێوەبردنی ئاهەنگی سەری ساڵی زایینی لە خانەی بەساڵاچووانی هەولێر بە رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان بەشێکن لە تاکە گرنگەکانی کۆمەڵگە کە دەبێ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی چاویان لێیان بێت.''
 
رێوڕەسمەکە هاوشێوەی مەولوودە و تێیدا لەلایەن مامۆستایانی ئایینییەوە، بە دەف سروودی ئایینی دەخوێندرێتەوە. حەسەن شێخ عەلائەدین ئاماژەی بەوە کرد، ''لەسەر داوای خۆیان بەو شێوەیە بەڕێوەدەچێ. ئێمە بە ئەرکی خۆمان زانی ئەمشەو سەردانی خانەکە بکەین و خۆشیی هاتنی ساڵی نوێ لەگەڵ بەساڵاچووان بەش بکەین.''
 
بەگوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای روانگە، جیا لە ئێوارەخوانێک، دیاریش بەسەر بەساڵاچوواندا دابەش دەکرێ، ''ئەمە بەشێک بوو لە راسپاردەکانی بەڕێز ئیدریس نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی دەزگاکەمان. هەروەها رێز لە ستافی کارگێڕی و کارمەندانی خانەکەش دەگیرێت.''
 
هاوکات سەنگەر جەمال، بەڕێوەبەری خانەی بەسەڵاچووانی هەولێر بە پەیامنێری رووداوی گوت، 74 بەساڵاچوو لە خانەکەدا هەن کە 46ـیان پیاو و 28ـیان ئافرەتن.
 
سەنگەر جەمال دەستخۆشی لە دەزگای روانگە دەکات و دەڵێت، ''جیا لە بەساڵاچووان، دیاریی تایبەتیان بۆ ستاف و کارمەندانی خانەکەش هێناوە.''
 
دەزگای روانگە لەلایەن ئیدریس نێچیرڤان بارزانییەوە لە ساڵی 2013ـدا دامەزراوە و چالاکییەکانی گەشەپێدانی ئابووری، تواناسازیی گەنجان، پاراستنی ژینگە، کاری خێرخوازی و چەندین بواری دیکە لەخۆدەگرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل

رێگەی چوون بۆ تورکیا لە ئیبراهیم خەلیلەوە کرایەوە

بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نالەباریی کەشوهەوا لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا بۆ هاتووچۆ، چوونی ئۆتۆمبێلی گەشتیاری و بارهەڵگر لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەو ئەو وڵاتە بە کاتی راگیرابوو، بەڵام ئێستا ئاسایی بووەتەوە.