رووداو دیجیتاڵ
"هەڵوێستى ئەوانى دیکە لەبەرچاو دەگرین، بەڵام لە هێرش بەردەوام دەبین"، ئەوە یەکەم نەشتەر بوو فەیلەقى وەعدولسادق داى لە جەستەى "مقاوەمەی ئیسلامى لە عێراق" کە خۆی و ژمارەیەک گرووپى چەکدارى دیکەى شیعەى تێدایە و نزیکن لە ئێران.
ئەو هەنگاوە کەمتر لە 24 کاژێر بوو لە دواى پاشەکشێى کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراقى لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی بۆ سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، دیارترین پێکهێنەرى گرووپى مقاوەمەیە، جگە لەوە سێ لیوای 45 و 46 و 47ى لە نێو حەشدی شەعبیدا بە زیاتر لە سێ هەزار چەکدارەوە هەیە.
پاساوى گرووپەکە بە رووکەش بۆ راگرتنى هێرشەکانى، رێگرى بوو لە "روگیرکردنى" حکومەتى عێراق، بەڵام پێدەچێت پاڵنەرى سەرەکیی هەڕەشەى کاردانەوەى ئەمریکا بێت لە دژى هێرشەکەى 28ـی کانوونى دووەمى سەر یەکێک لە بنکەکانى لە سنوورى نێوان ئوردن و سووریا، کە بەهۆیەوە سێ سەربازى کوژران، دواى رووداوەکەش ناوى کەتیبەکانی حیزبوڵلا وەکو بەرپرسیاری هێرشەکە هێندرا.
رۆژی 30ـی کانوونى دووەمی 2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتى، "بڕیارمانداوە چۆن وەڵامی ئەو هێرشە بدەینەوە کە کرایە سەر بنکەی تاوەر 22ـی ئوردن."
"مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق" لەو گرووپە چەکدارە شیعانەى عێراق پێکدێت کە نزیکن لە ئێرانەوە، بەشێک لە جومگە هەستیارەکانى نێو حەشدی شەعبی بەدەستیانەوەیە، لە مانگى تشرینى یەکەمى 2023ەوە لەگەڵ دروستبوونى جەنگى نێوان بزوتنەوەى حەماس و ئسرائیل، ئەوانیش دەرکەوتن.
ئەو گرووپە لە تۆڕى تەلەگرام کەناڵێکى تایبەتیان هەیە، لەوێوە بەرپرسیاریێتى خۆیان ئەو هێرشانە رادەگەیێنن کە دەیانکەنە سەر بنکەکانى سووپاى ئەمریکا لە سووریا و عێراق و هەرێمى کوردستان.
بزوتنەوەى نوجەبا یەکێکى دیکە بوو لە پێکهێنەرانى گرووپى مقاومە، بە ئاراستەیەکى جیاواز لە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا هەنگاوی نا، لە برى راگرتنى هێرش، بەڵێنى بەردەوامى دا.
ئەو بزوتنەوەیە 29ـی کانوونى دووەم و رۆژێک دواى هێرشەکەى سەر بنکەکى ئەمریکا، گوتى، "مقاوەمە عەقیدەیەکى جێگیرە و گۆڕانکاری و هەڕەشەکان نایترسێنێت."
د. ئەسعەد کازم شەبیب، مامۆستاى زانستە سیاسییەکان لە زانکۆى کووفە بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، بڕیارى جیاوازى گرووپە پێکهێنەرەکانى مقاوەمە، ئاماژەیە بۆ پەرش و بڵاویان، بەتایبەت کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، کە بڕیاری دا دەستبەردارى هێرشەکانى بێت لەگەڵ ئەوەى یەکێک لە گرووپە رادیکاڵەکانى مقاوەمەیە.
بە گوتەى د. ئەسعەد کازم شەبیب، سێ سیناریۆ لەو بڕیارەى کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دەخوێندرێتەوە بۆ راگرتنى هێرشەکانى لە دژى بنکەکانى ئەمریکا.
سیناریۆى یەکەم ئەوەیە کەتیبەکانی حیزبوڵڵاى عێراق لەگەڵ گرووپەکانى دیکەى نێو "مقامەوە" رۆڵەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، کە هێزێکیان دەوەستێت و ئەوانى دیکە بەردەوام دەبن لەهێرشکردن. سیناریۆى دووەم ئەوەیە ئەو بڕیارەى کەتیبە رێگر بێت لە دروستکردنى "رووگیری" بۆ حکومەت، کە خۆى یەکێک بووە لە پاڵپشتیکارانى. سیناریۆى سێیەم ئەوەیە رووگیریى بۆ ئەو لایەنە هەرێمییە دروست نەکات کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقى بەگوێرەى ئەجێنداى ئەو دەجوڵێتەوە لە ململانێکان لەگەڵ ئەمریکا لە ناوچەکە.
هێرشکردنە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و هەرێمى کوردستان ناکۆکى خستووەتە نێو ئەو گرووپە چەکدارە شیعانەى لە رێگەى باڵە سیاسیەکانیانەوە لە حکومەتى عێراق بەشدارن لەگەڵ ئەوانەى لەدەرەوەى بازنەى حکومەتن.
ناکۆکییەکان زیاتر لەبارەى دەستکەوتنى میدیایی هێرشەکان و هەڵوێستیانە بەرامبەر ئەمریکا.
لەدواى ماوەیەکى کەم لە دەستپێکردنى ھێرشى گرووپى مقاوەمە، کرۆکى ناکۆکییەکان دەرکەوتن کاتێک کەتیبەکانی ئەهلى حەق ناوى ئەو گرووپانەى بڵاوکردەوە کە بەشدارن لە "مقاوەمەى ئیسلامى لە عێراق"، بەبێ ئەوەى ناوى عەسائیبی ئەهلى حەق بهێنێت کە قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتییەتى و بەشدارە لە حکومەتى ئێستاى عێراق.
رۆژی 27ـی تشرینى یەکەمى 2023، جەواد تەلیباوى، گوتەبێژى سەربازى عەسائیبی ئەهلى حەق رەخنەى لەو هەنگاوەى کەتیبەکانی ئەهلیى حەق گرت و ئاماژەى بەوەدا کە نەدەبوو ناوى ئەو گرووپانە ئاشکرابکرێن کە ھێرش دەکەنە سەر بنکەکانى ئەمریکا.
د.ئەسعەد کازم شەبیب دەڵێت، "گرووپە چەکدارەکانى شیعە بەسەر دووبەرە دابەش بوون، بەشێکیان نایانەوێت پڕۆژەى ئەم حکومەتە بەهۆى ئەو هێرشانەوە کێشەى تێبکەوێت و بەشێکى دیکەیان بەو شێوەیە بیرناکەنەوە، تەنانەت ئەو هێزە هەرێمیەى پاڵپشتی لەبەرەی دووەم دەکات لێیان بێزارە بەهۆى ئەو هەڵوێستەیانەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ