وەزیرانی دەرەوەی 8 وڵات: سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل لە ئاگربەستی غەززە دەکەین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی 8 وڵاتی زۆرینە موسڵمان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر کەرتی غەززە و پێشلکردنی ئاگربەستیان لەلایەن تەل ئەڤیڤەوە لەگەڵ حەماس کرد. ئەو هەنگاوەی ئەو وڵاتانە دوای ئەوە هات کە چەند رۆژێکە ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی غەززە کردووەتەوە بە بیانووی جموجۆڵ و لەنێوبردنی ژێرخانی حەماس لەو کەرتەدا. 
 
رۆژی 1ی شوباتی 2026، وەزیرانی دەرەوەی ئیمارات، میسر، ئوردن، ئیندۆنیزیا، پاکستان، سعودیە و قەتەر سەرکۆنەی "پێشێلکاری ئاگربەستیان" لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەززە کرد. دەشڵێن، "بەهۆی بەردەوامی ئەو پێشێلکاریانەوە زیاتر لە هەزاران فەلەستینی کوژراون و بریندار بوون". 
 
رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی پار، حەماس و ئیسرائیل ئاگربەستیان کرد، ئەمە دوای دوو ساڵ لە جەنگی نێوانیان. نزیکەی هەفتەیەکە ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کردووەتەوە و تەندروستی کەرتەکەش ئاماژەی بە کوژران و برینداربوونی 100 کەس لەو بۆردوومانانەدا کردووە. ئەمە لە کاتێکدا هەردوولا بە نێوەندگیری ئەمریکا، میسر و قەتەر لە گفتوگۆدان بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەست. 
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هێرشەکانی زۆرینەیان بۆ سەر رەفەح بوون. هەروەها، هۆکارەکەشی "جموجۆڵی چەکدارانی حەماس و بوونی دەیان تونێلی" ئەو رێکخراوە بووە لەو ناوچانەدا. 
 
لە راگەیێندراوەکەی ئەو وەزیرانەدا هاتووە، هێرشەکانی ئیسرائیل دەبێتە هۆی شکستپێهێنانی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە، سەقامگیرکردنی ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەم ناوچەیە. 
 
تشرینی یەکەمی 2023، حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و دواتر ئەویش بە هێرشی درۆنی و ئاسمانی وەڵامیدایەوە. جەنگەکە بووە هۆی کوژرانی سەروو 71 هەزار و 769 کەس لە غەززە و هەزار و 139 کەسی دیکەی سڤیلیش لە ئیسرائیل کوژران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە