رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا بۆ سەر ئێران 48 سەرکردەی ئەو وڵاتەیان کوشتووە و بەردەوامن.
رۆژی یەکشەممە، 1ی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "48 سەرکردەی ئێرانمان کوشتوون و کەس بڕوای نەدەکرد بەم جۆرە سەرکەوتوو بین". دەشڵێت، "لە ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوامین".
ترەمپ بانگەشەی سەرکەوتنی گشتی کرد لەو جەنگەی کە رۆژی شەممە بە ئامانجی لادانی سەرکردایەتیی کۆماری ئیسلامی و لەناوبردنی سوپاکەی دەستیپێکرد. ئێران کوژرانی رێبەری باڵای وڵاتەکەی، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی پشتڕاستکردەوە.
لە چاوپێکەوتنێکی جیادا لەگەڵ CNBC، لە زاری ترەمپەوە گواستراوەتەوە کە دەڵێت: "ئێمە کارەکەی خۆمان تەنیا بۆ خۆمان ناکەین، بەڵکو بۆ هەموو جیهان دەیکەین. هەموو شتێکیش لە پێش وادەی دیاریکراوی خۆیەتی."
گوتیشی: "لە ئێستادا شتەکان بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی بەرەوپێش دەچن، شێوەیەکی زۆر ئەرێنی."
چاوپێکەوتنەکان پێش ئەوە ئەنجامدراون کە سوپای ئەمریکا بۆ یەکەمجار قوربانییەکانی لە جەنگەکەدا رابگەیەنێت: سێ سەربازی کوژراون، پێنجیان بە سەختی بریندار بوون و چەند کەسێکی دیکەش بریندارییەکەیان سووکترە.
دوێنێ ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر ئێران و دواتریش ئەو بە مووشەک و درۆن وەڵامی هێرشەکانی دایەوە.
هەروەها فەرماندەیی ناوەندی (سێنتکۆم) رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان کەشتییەکی جەنگیی ئێرانی لە لەنگەرگەیەکدا لە دەریای عومان نوقم کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ