رووداو دیجیتاڵ
وەزیرى نێوخۆى عێراق رایگەیاند، زانیارى تەواویان داوەتە کۆمارى ئیسلامیی ئێران لەبارەى تۆڕەکانى بەقاچاخبردنى مادەى هۆشبەر لە سنوورى هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات.
رۆژی 31ى ئایارى 2023 عەبدولئەمیر شمەرى، وەزیرى نێوخۆى عێراق سەردانى کۆمارى ئیسلامى ئێرانى کرد، پرسی بەقاچاخبردنى مادە هۆشبەرەکان، زیارەتکارانى ئێران بۆ مەزارگەکانی عێراق و ئاسایشى سنووریی لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە تاوتوێکرد.
عەبدولئەمیر شمەرى لەکۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانیدا لە تارانى پایتەختى ئێران رایگەیاند: "لەگەڵ بەرپرسانى ئێران پرسی بەقاچاخبردنى مادە هۆشبەرەکانیان تاوتوێکردووە و زانیاریی تەواویان لەبارەى تۆڕەکانى بەقاچاخبردنى ئەو مادانە داوەتە بەرپرسانى ئەو وڵاتە.
عەبدولئەمیر شمەرى گوتى: "هەوڵدەدەین لەڕێگەى تووندکردنەوەى سنوورەکانەوە رێگرى لەو بەقاچاخبردنەى مادە هۆشبەرەکان بکەین"
رۆژی 19ـی ئایارى 2023 عەلى شەمخانى، ئەمیندارى پێشووی ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیی ئێران و قاسم ئەعرەجى لە بەغدا، کۆنووسی ئەمنیی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد، کە تایبەتە بە دۆسیەى پاراستنى سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات.
وەزیرى نێوخۆى عێراق ئاماژەى بەوەدا، یەکێک لەو پرسانەى دیکە کە تاوتوێیان کردووە، پاراستنى سنووری ئاوی و شاخاوییەکانى نێوان هەردووڵات بووە، لە رێگەى بەهێزکردنى چاودێرى سنوورى و گۆڕینەوەى زانیارى هەواڵگرى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ