رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی دەستەی پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، سوپای ئیسرائیل خۆی بۆ زیادکردنی گوشاری سەربازی لەسەر حەماس ئامادە دەکات، دوای ئەوەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە پێشنیازێکی ئەمریکای بۆ ئاگربەست رەتکردەوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل دەیەوێت هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە تووند و زیاد بکات بۆ ئەوەی گوشاری سەربازی لەسەر حەماس زیاد بکات و ناچاری بکات سازش لە هەندێ هەڵوێست و داواکارییەکانی بکات.
یەکێک لەو داواکارییانەی ئیسرائیل دەیەوێت حەماس دەستبەرداری بێت، مانەوەی سەرکردەکانی بزووتنەوەکەیە لەنێو کەرتی غەززە.
ئیسرائیل داوا دەکات حەماس چەک دابنێت و غەززە چۆڵ بکات.
وەک دەستەی پەخشی ئیسرائیل باسی دەکات، ئیسرائیل بە دیاریکراوی دەیەوێت گوشاری سەربازی لەسەر باکووری کەرتی غەززە چڕبکاتەوە؛ هەروەها دەیەوێت گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان سنووردار بکات، چونکە "ئەوە کاریگەریی گەورە دەخاتە سەر حەماس و بەڕەکە لە ژێر پێی دەردێنێت."
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوەیەکەوە باسی لەوە کردووە، "گوشاری نێوەندگیرەکان" کە بریتین لە ئەمریکا، میسر و قەتەر "بەردەوامە بۆ سەر حەماس تاوەکو هەڵوێستی بگۆڕێت؛ هەروەها گوشاری ئەمریکاش لەسەر ئیسرائیل بەردەوامە بۆ ئەوەی بە بەشێک لە تێبینییەکانی حەماس لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست رازی بێت."
دوێنێ شەممە، حەماس رایگەیاند، وەڵامی پێشنیازەکەی ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ئەمریکای بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوەتەوە.
بزووتنەوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "دوای گەڕێک لە راوێژی نیشتمانی، لە سۆنگەی بەرپرسیارێتییە باڵاکانمانەوە بەرامبەر گەلەکەمان و نەهامەتییەکانی، ئەمڕۆ وەڵامی خۆمان بۆ پێشنیازی دوایی ویتکۆف بە برایانی نێوەندگیر دا، بە شێوەیەک کە دەبێت ئەو هەنگاوە (رێککەوتن) ببێتە هۆی ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوەتیی [هێزەکانی ئیسرائیل] لە کەرتی غەززە و گەرەنتیی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بە گەل و خەڵکەکەمان لە کەرتەکە بەدیبهێنێت."
حەماس هەروەها روونیکردەوە "لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا 10 دیلی داگیرکاران لە لایەن موقاوەمەوە ئازاد دەکرێن و 18 تەرم رادەست دەکرێنەوە، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک دیلی فەلەستینی کە دواتر رێککەوتنی لەسەر دەکرێت."
بە گوێرەی پێشنیازەکەی حەماس، بۆ 60 رۆژ جەنگ دەوەستێنرێت و 28 لەو 58 بارمتەیەی لە غەززە ماون، لە بەرامبەر زیاتر لە هەزار و 200 دیل و دەستگیرکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. لەگەڵ ئەوەدا، رێگە بە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بۆ نێو غەززە دەدرێت.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، حەماس بەردەوامە لە رەتکردنەوەی پێشنیازەکان و ئیسرائیلیش لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بارمتەکانی بگەڕێنێتەوە.
پێشتریش ئیسرائیل داواکارییەکانی حەماسی رەتکردنەوە و داوای چەکدانانی تەواو و هەڵوەشاندنەوەی بزووتنەوەکەی کرد.
رۆژی هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە رێککەوتن نزیکن.
رۆژی شەممە، وتیکۆف دوای وەرگرتنی وەڵامەکەی حەماس لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "ئەوە هەرگیز شیاوی قبووڵکردن نییە و دەمانگەڕێنێتەوە دواوە. پێویستە حەماس ئەو پێشنیازەی خستوومانەتەڕوو وەک بناخەی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ پەسند بکات کە دەکرێت هەر ئەم هەفتەیە دەستبەجێ دەستپێبکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ