رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی داوا دەکات گۆڕانکاری لەو پێشنیازەدا بکرێت کە ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە پێشنیازی کردووە، بەڵام ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، ئەم وەڵامە "هەرگیز مایەی قبووڵکردن نییە."
ئەو خاڵانەی حەماس داوای کردووە گۆڕانکارییان تێدا بکرێت پەیوەستن بە گەرەنتییەکانی ئەمریکا، کاتی ئازادکردنی بارمتەکان، گەیاندنی یارمەتییەکان و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل.
ئەمەی خوارەوە دەقی وەڵامەکەی حەماسە کە بە نووسراو بە نێوەندگیرەکانی داوە:
ماوە: 60 رۆژ شەڕ دەوەستێندرێت. دەبێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی ئیسرائیل بە ئاگربەستەوە لەو ماوەیەدا گەرەنتی بکات.
ئازادکردنی دیل و رادەستکردنەوەی تەرم: 10 دیلی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و 18 تەرم رادەست دەکرێنەوە، بە جۆرێک 4 دیل لە رۆژی یەکەم، 2ـی دیکە لە رۆژی سییەمدا و 4ـی دیکە لە رۆژی شەستەم ئازاد دەکرێن. سەبارەت بە تەرمەکان، 6 تەرم لە رۆژی دەیەم، 6 لە رۆژی سییەم و 6 لە رۆژی پەنجایەمیندا رادەست دەکرێن.
یارمەتییەکان و دۆخی مرۆیی:
• دەستبەجێ دوای رەزامەندیدان لەسەر رێککەوتنی ئاگربەست، هاوکارییەکان دەگەیەندرێنە غەززە، بەپێی ئەو پرۆتۆکۆڵە مرۆییەی کە رێککەوتنی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 لەخۆی گرتووە، لە رێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسەکانی و رێکخراوەکانی دیکەوە، لەنێویاندا مانگی سوور.
• نۆژەنکردنەوەی ژێرخان (کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، پەیوەندییەکان و رێگاوبان) و گەیاندنی کەرەستەی پێویست بۆیان، بە کەرەستەی بیناسازیشەوە، هەروەها نۆژەنکردنەوە و کارپێکردنەوەی نەخۆشخانە، بنکە تەندروستییەکان و قوتابخانە و نانەواخانەکان لە هەموو ناوچەکانی کەرتەکەدا.
• رێگەدان بە دانیشتووانی کەرتەکە بۆ گەشتکردن بۆ نێو و دەرەوەی کەرتی غەززە لە رێگەی دەروازەی رەفەحەوە بەبێ هیچ کۆتوبەندێک و گەڕانەوەی جووڵەی کاڵا و بازرگانی.
• لە ماوەی دانوستانەکاندا، ئامادەکاری و پلانەکان تەواو دەکرێن بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو خانوو، دامەزراوە و ژێرخانەی لە کاتی جەنگدا وێرانکراون، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو توێژانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەجۆرێک دەست بە جێبەجێکردنی پلانی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەکرێت بۆ 3 بۆ 5 ساڵ لەژێر سەرپەرشتیی ژمارەیەک وڵات و رێکخراودا، لەوانە میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان.
چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل: کاتێک ئەم رێککەوتنە دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، هەموو چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە رادەگیرێن. هەروەها لە ماوەی ئاگربەستدا، رۆژانە بۆ ماوەی 10 کاژێر فڕینی فڕۆکەکان (سەربازی و سیخوڕی) بەسەر کەرتی غەززەدا رادەگیرێت و لە رۆژانی ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوەکاندا 12 کاژێر دەبێت.
کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل: لە رۆژی یەکەمدا 4 دیلی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن و هێزەکانی ئیسرائیل دەکشێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی پێش 2ـی ئاداری 2025 لێی بوون، بەپێی ئەو نەخشانەی رێککەوتنی 19ـی کانوونی دووەمی 2025 باسی کردوون.
دانوستاندنەکان: لە رۆژی یەکەمدا دانوستانی ناڕاستەوخۆ بە سەرپەرشتیی نێوەندگیرە گەرەنتیکەرەکانی ئاگربەستی هەمیشەیی دەستپێدەکات، لەسەر ئەم بابەتانەی خوارەوە:
• خاڵە سەرەکی و مەرجەکانی ئازادکردنی هەموو ئەو دیلە ئیسرائیلییانەی کە دەمێنن، لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەک دیلی فەلەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل کە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
• راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.
• دوای رێککەوتن لەسەر ئاڵوگۆڕی دیل و رادەستکردنی تەرمە ماوەکان و پێش دەستپێکردنی رێوشوێنەکانی رادەستکردن، ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە تەواوی کەرتی غەززە رادەگەیەندرێت.
پلانی دوای ئاگربەست بۆ کەرتی غەززە بەم شێوەیە دەبێت:
• دەستبەجێ لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە، لیژنەیەک لە کەسانی تەکنۆکراتی سەربەخۆ بە تەواوی دەسەڵات و ئەرکەوە بەڕێوەبردنی هەموو کاروباری کەرتی غەززە دەگرێتە ئەستۆ.
• راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و هێرشەکان لەنێوان هەردوولا بۆ ماوەیەکی درێژ (5-7 ساڵ) بە گەرەنتیی نێوەندگیرەکان (ئەمریکا، میسر، و قەتەر).
پشتیوانیی سەرۆکی ئەمریکا: دەبێت سەرۆک لە پابەندکردنی لایەنەکان بە رێککەوتنی ئاگربەستەوە جیدی بێت و پێداگری بکات ئەگەر دانوستانەکان لە ماوەی ئاگربەستی کاتیدا سەرکەوتوو بن لایەنەکان رێکبکەون، ئەوا بەرەو چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ململانێکە دەڕوات.
ئازادکردنی دیل و رادەستکردنی تەرمە فەلەستینییەکان:
• بەرامبەر بە ئازادکردنی 10 دیلە ئیسرائیلییەکە و رادەستکردنی 18 تەرمەکە، ژمارەیەک دیل فەلەستینی کە لە نێوان هەردوولادا رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت، ئازاد دەکرێن و ژمارەیەک تەرمیش رادەست دەکرێن.
• ئازادکردنی دیلەکان و رادەستکردنی تەرمەکان هاوکات و بەپێی میکانیزمێک دەبێت کە رێککەوتنی لەسەر دەکرێت.
دۆخی دیل و دەستبەسەرکراوەکان:
• لە رۆژی دەیەمدا حەماس زانیاری لەسەر ژمارەی زیندوو و مردووی ئەو دیلانەی لای حەماس و گرووپە فەلەستینییەکان ماون، پێشکێش دەکات. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل زانیاریی تەواو لەسەر هەموو ئەو کەسانە پێشکێش دەکات کە لە دانیشتووانی کەرتی غەززە لە 7-10-2023ـەوە بەدیلگیراون.
• حەماس پابەندە بە مسۆگەرکردنی تەندروستی، چاودێری و ئاسایشی دیلە ئیسرائیلییەکان دەستبەجێ دوای ئاگربەست. لە بەرامبەردا، ئیسرائیل پابەند دەبێت بە مسۆگەرکردنی تەندروستی، چاودێری و ئاسایشی دیل و دەستبەسەرکراوە فەلەستینییەکان لە زیندان و گرتووخانەکانی ئیسرائیل بەپێی یاسا و رێسای نێودەوڵەتی.
ئازادکردنی دیلە ماوەکان: دەبێت دانوستاندنەکان لەبارەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە 60 رۆژدا تەواو بکرێن. لە کاتی رێککەوتن و دوای راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، دیلە ماوەکان و تەرمەکان لەو لیستە 58 کەسییەی ئیسرائیل پێشکێشی کردووە، ئازاد دەکرێن و رادەست دەکرێنەوە لە بەرامبەر ژمارەیەک دیلی فەلەستینی کە رێککەوتنیان لەسەر دەکرێت.
گەرەنتیکاران: نێوەندگیرە گەرەنتیکارەکان (ئەمریکا، میسر، قەتەر) بەردەوامبوونی ئاگربەست بۆ 60 رۆژ گەرەنتی دەکەن، هەروەها بەردەوامبوونی دانوستانەکان مسۆگەر دەکەن تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی ئاگربەستی هەمیشەیی بەدەست دەهێندرێت، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی راگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و چوونەژوورەوەی هاوکارییە مرۆییەکان.
نێردەکە سەرۆکایەتیی دانوستانەکان دەکات: ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا دێتە ناوچەکە بۆ تەواوکردنی رێککەوتنەکە. ویتکۆف سەرۆکایەتیی دانوستاندنەکان دەکات.
سەرۆک ترەمپ: سەرۆک ترەمپ بە خۆی رێککەوتنی ئاگربەست رادەگەیەنێت: ئەمریکا و سەرۆک ترەمپ پابەندن بە کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی دانوستانەکان بە شێوەیەکی جیدی تا گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ