نوێنەری تورکیا لە UN: لە تلرەفعەت و منبجەوە 67 جار پەلاماری تورکیا دراوە

01-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە دەکات هێزەکانی هەسەدە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە تلرەفعەت و منبجەوە 67 جار پەلاماری تورکیایان داوە.
 
سەدات ئۆناڵ، لە کاتی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی 30ی حوزەیرانی 2023ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لەبارەی پێشهاتەکانی سووریا رێکخرابوو، جەختی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە گرووپێکی "جوداخواز و تیرۆریستی" کردەوە کە هەڕەشەن لەسەر یەکپارچەیی خاکی سووریا و بە پێویستی زانی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا تا زووە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کۆببێتەوە. 
 
نوێنەری تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، تورکیا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پابەندبوون بە یاسا مرۆییەکان، پێداگرە لەسەر هەنگاونانی پێویست بۆ نەهێشتنی "ئەو هەڕەشانەی پەکەکە/یەپەگە لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و هاووڵاتییان دروستیان کردووە."
 
ئۆناڵ سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە (پەکەکە/یەپەگە) لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، لە تلڕەفعەت و منبجەوە 67 پەلاماری بۆ سەر تورکیا و ئەو ناوچانەی سووریا ئەنجامداوە کە لەژێر دەستی ئۆپۆزیسیۆن دان. 
 
نوێنەری هەمیشەیی تورکیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: "رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر سەقامگیری و یەکپارچەیی خاکی سووریا، بەڵکو هەڕەشەیشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئێمەش. لەم روانگەیەدا، تورکیا بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پابەندبوون بە یاسا مرۆییەکان، پێداگرە لەسەر هەنگاونانی پێویست بۆ نەهێشتنی ئەو هەڕەشانەی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە/یەپەگە لەسەر ئاسایشی سنوورەکان و هاووڵاتییان دروستیان کردووە".
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە