نووسینگەی مەشهەدانی: ئەردۆغان رەزامەندی دا رۆژانە 420 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە

01-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە داواکارییەکەی بۆ زیادبەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات رازی بوو. بەپێی رێککەوتنەکە، لە سبەی چوارشەممەوە رۆژانە 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە، ئەوە بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
 
سێشەممە، 1ی تەممووزی 2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیە هاوبەشەکانیان تاوتوێ کرد. پرسی ئاو تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بوو.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەشهەدانی داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە ئاوی زیاتری رووبارەکانی دیجلە و فورات بەربداتەوە بۆ ئەوەی بە هەموو عێراق، بەتایبەتی ناوچەکانی باشوور بگات کە "بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن."
 
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتوویەتی، "عێراق ئێستا لە دۆخێکی سەقامگیردایە و ئەوەش دەرفەتە بۆ زیادکردنی هاوکاریی ئابووری و چوونی کۆمپانیا گەورەکانی تورکیا بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان؛ ئاماژەی بەوەشکردووە، خێراکردنی کارەکانی (رێگەی گەشەپێدان) کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر سەقامگیریی ئابووری و سیاسیی ناوچەکە دەبێت."
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، مەشهەدانی سوپاسی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی ئەردۆغانی کردووە، بەتایبەتی سەبارەت بە دۆزی فەلەستین و داوای کرد "کۆمەڵکوژییەکانی رۆژانەی ئیسرائیل دژی خەڵکی کەرتی غەززە رابگیرێت و گەمارۆکەیان لەسەر هەڵبگیرێت".
 
لای خۆیەوە، سەرۆککۆماری تورکیا ستایشی هەڵوێستەکانی عێراقی کرد و رایگەیاند، عێراق وڵاتێکی دراوسێیە و تورکیا شانازی پێوە دەکات.
 
ئەردۆغان وەڵامی داواکارییەکەی مەشهەدانی دایەوە و جەختی لە پاڵپشتیی خۆی بۆ عێراق و گەلەکەی کردەوە و رایگەیاند: "تورکیا ئەو خێرەی خودا پێی بەخشیوە، لەگەڵ براکانی لە عێراقدا بەشی دەکات و رێگەنادات لێیان بێبەش بن."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە