وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە: عەمرە دەستپێدەکاتەوە

01-08-2021
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن حەج عەمرە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سعودیە کاتی دەستپێکردنەوەی عەمرە دیاریدەکات و وەکو هەنگاوی یەکەمیش پێشوازی لە 20 هەزار عەمرەکار دەکات. وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بە فەرمی ئاگادار نەکراونەتەوە تاوەکو ئامادەکارییەکان دەستپێبکرێن.
 
هیشام سەعید، گوتەبێژی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە رایگەیاند، لە 10ی ئابەوە عەمرە بۆ خەڵکی نێوخۆ و دەرەوەی سعودیە دەستپێدەکاتەوە و یەکەمجاریش پێشوازی لە 20 هەزار عەمرەکار دەکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی حەج و عەمرەی سعودیە بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، عەمرەکاران دەتوانن لە 10ی ئابەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی عەمرە بچنە مەککە و سەردانی مەدینەش بکەن.
 
هیشام سەعید ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت داواکاریی عەمرەکردن لە رێگەی ئەپلیکەیشنی "اعتمرنا" پێشکێش بکرێت و گوتیشی، هەنگاو بە هەنگاو ژمارەی عەمرەکاران زیاتر دەکرێت، بەڵام هیچ ئاماژە و وردەکارییەکی زیاتری لەوبارەوە نەخستەڕوو.
 
لەوبارەوە نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ نووسراوێکیان لە دەستەی حەج و عەمرەی عێراقەوە لەبارەی دەستپێکردنەوەی عەمرە لە هەرێمی کوردستانەوە بەدەست نەگەیشتووە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هەرکاتێک بە فەرمی لەو بابەتە ئاگادار کرانەوە، ئەوا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عەمرەی سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانیش داوا لە هاونیشتمانیان و کۆمپانیاکان دەکات ئامادەکارییەکانیان بۆ عەمرە دەستپێبکەن.
 
نەبەز ئیسماعیل باسی لەوەش کرد، لە ساڵانی پێش کۆرۆنادا ساڵانە 26 بۆ 28 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە عەمرەی دەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی کۆرۆناوە داواکاریی عەمرە زۆر کەم بووەتەوە و گوتی، ئەمساڵ لە مانگی شووباتەوە کە کاتی دەستپێکردنەوەی عەمرەیە، تاوەکو پێش جەژنی قوربان، کەمتر لە 500 کەس لە هەرێمی کوردستانەوە گەشتی عەمرەیان کردووە و ژمارەی کۆمپانیاکانی حەج و عەمرەش لە نزیکەی 120 کۆمپانیاوە بۆ نۆ کۆمپانیا کەم بوونەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە