دوای کوژرانی سەربازانی ئەمریکی لە سووریا، ترەمپ هەڕەشە دەکات: تۆڵە لە داعش دەکەینەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە رایگەیاند، ئەمریکا تۆڵەی کوشتنی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی سڤیل لە داعش دەکاتەوە، کە بە گوتەی خۆی، لە هێرشێکی داعشدا کوژراون. 
 
ترەمپ لە بەردەم کۆشکی سپی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە تۆڵە دەکەینەوە؛" دواتریش لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا لە هێرشەکە "زۆر تووڕە و پەستە."
 
ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە بەهۆی لەدەستدانی سێ نیشتمانپەروەری مەزن لە سووریا، شیوەن دەگێڕین. ئێمە دەزانین کە چۆن روویدا. بۆسەیەک دانرابوو. زۆر بەداخەوە. سێ برینداریشمان هەن کە وادیارە لە دۆخێکی تەواو باشدان."
 
ترەمپ هەروەها لە ترووس سۆشیاڵ نووسیویەتی، "ئەمە هێرشێکی داعش بوو دژی ئەمریکا و سووریا، لە شوێنێکی زۆر مەترسیداری سووریا کە بە تەواوی لە لایەن ئەوانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، شەرع "لەم هێرشە، زۆر تووڕە و پەستە."
 
سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دەدات و دەڵێت، "توڵەسەندنەوەیەکی جیدیمان دەبێت."
 
پێشتر بەرپرسێکی پێنتاگۆن بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتی گوتبوو، هێرشەکە لە شوێنێک بووە کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی هێزەکانی سووریایە.
 
سەرچاوەیەکی دیکەی سوپای ئەمریکا لە سووریاوە بە رووداوی راگەیاند، ئەو وەرگێڕە ئەمریکییەی کوژراوە، کریستیانێکی بە رەچەڵەک خەڵکی هەرێمی کوردستانە. 
 
بە گوتەی پێنتاگۆن، لە کاتی کۆبوونەوەی سەرکردە سەربازییەکانی ئەمریکا و سووریا لە شوێنێکی نزیک تەدمور لە نێوەڕاستی بیابان لە سنووری پارێزگەی حومس، چەکدارێکی داعش هێرشی کردووەتە سەریان. 
 
نوورەدین بابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ئێمە لە 10 ئەم مانگەوە دەمانزانی کە ئەم ئەندامەی ئەمریکییەکانی کوشتووە، هەڵگری بیری تووندڕۆییە و بەنیازبووین سبەی رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر بگرینەبەر، بەڵام سوبحانەڵڵا، ئەمڕۆ شەممە کە پشوو بوو، هێرشەکەی کرد."
 
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی پێنتاگۆن پێشتر رایگەیاندبوو، هێرشکارەکە بە دەستی هێزەکانی سووریا کوژراوە. 
 
داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە رانەگەیاندووە. 
 
نوورەدین بابا باسی لەوە کرد کە ئەوان "ئاگاداریی پێشوەختە"یان بە هێزەکانی هاوپەیمانان دابوو لەوەی داعش دەیەوێ هێرش بکات، بەڵام "هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییەکەیان بە هەند وەرنەگرت."
 
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، هاوئاهەنگیی ئەمریکا و سووریا دژی شانە نووستووەکانی داعش زیادی کردووە، ئەوەش دوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی 2024 و دەستبەکاربوونی حکومەتێکی راگوزەر بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع.
 
تشرینی دووەم، سووریا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشەوە کرد کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات کە ئەمەش گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە پەیوەندییەکاندا. 
 
فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) لەو کاتەوە باسی چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی کردووە، لەوانەش لەنێوبردنی زیاتر لە 15 کۆگای چەکی داعش لە باشووری سووریا لە کۆتایی مانگی رابردوودا.
 
ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆم بەم دواییانە ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن تەنیا لە مانگی تشرینی یەکەمدا لە زیاتر لە 20 ئۆپەراسیۆنی دژی داعشدا "راوێژ و هاوکاریی پێشکێش بە هاوبەشە سووریاییەکان کردووە و کارئاسانی بۆ کردوون"، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گرووپەکە.
 
سەرەڕای تێکشکاندنی داعش لە رووی جوگرافییەوە لە ساڵی 2019، ئەو رێکخراوە هێشتا بەردەوامە لە هێرشی بچووک لە ناوچە بیابانییە فراوانەکانی سووریا. 
 
شارۆچکەی تەدمور لە نێوان ساڵی 2015 و 2016 لەژێر دەستی داعشدا بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە