سعودیە مافى خاوەندارێتی بە کەسانى بیانى دەدات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئوسامە محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە سیستمێکی نوێی خاوەندارێتیی خانووبەرە بۆ هاووڵاتییانی ناسعودی لە کانوونی دووەمەوە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
 
سیستمەکە مانگی تەممووز لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی سعودیەوە پەسند کرا و وەک هەنگاوێکی ستراتیژی بۆ رێکخستنی خاوەندارێتیی خانووبەرە بۆ کەسانی ناسعودی دادەنرێت.
 
ئامانج لە سیستمە نوێیەکە بەرزکردنەوەی بەشداریی کەرتی خانووبەرەیە لە وڵاتەکە لەلایەن هاووڵاتییان و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەی داهاتی نیشتمانییە، بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئامانجەکانی (دیدگای 2030)دا بگونجێت.
 
دەستەی گشتیی خانووبەرە کار لەسەر ئامادەکردنی رێنوێنییەکانى سیستمەکە دەکات، هەروەها کار لەسەر دیاریکردنی سنووری جوگرافیی ئەو شوێنانە دەکات کە رێگە بە بیانییەکان دەدرێت تێیاندا خاوەندارێتی و وەبەرهێنان بکەن.
 
ماجید حوقەیل، وەزیری شارەوانی و نیشتەجێکردنی سعودیە دەڵێ، جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەموو شارەکان دەکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هاووڵاتیی بیانی تەنیا لە چەند شوێنێکی مەککە، مەدینە، جیدە و ریاز رێگەی پێدەدرێ ببێتە خاوەنی موڵک. 
 
هەر بە گوێرەی سیستمەکە، رێگە بە بیانییەکان دەدرێ خاوەندارێتی لە کەرتەکانی بازرگانی، پیشەسازی و کشتوکاڵ بکەن.
 
فەهد سلێمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری خاوەندارێتیی خانووبەرە بۆ کەسانی ناسعودی دەڵێ: "ئەو ناوچانەی بۆ خاوەندارێتیی بیانییەکان لە ریاز، جیدە و شارە پیرۆزەکان (مەککە و مەدینە) تەرخان دەکرێ، هێشتا تاوتوێ دەکرێن و بەم زووانە لەگەڵ رێنماییەکانی رێکخستنی یاسا نوێیەکانی خاوەندارێتیی خانووبەرەدا رادەگەیێندرێن".
 
فەهد سلێمان باسی لەوە کرد، تەنیا هاووڵاتیی موسوڵمان رێگەی پێدەدرێت لە مەککە و مەدینەدا خاوەندارێتیی موڵک بکات، ئەویش لەو شوێنانەی دیاری دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە