وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سووریا لەبارەی رووداوەکەی تەدموور بە تەلەفۆن قسەیان کرد

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سووریا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە کرد و لەبارەی رووداوەکەی تەدموور رایگەیاند، ئەو کردەوەیە بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی سووریا و ئەمریکایە.
 
رۆژی شەممە، فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لە ئەنجامی بۆسەیەکی دانراو لە لایەن چەکدارێکی داعشەوە لە سووریا، دوو سەربازی سوپای ئەمریکا و هاووڵاتییەکی سڤیلی ئەمریکی کوژران."
هێرشەکە لە نزیک شاری تەدمووری پارێزگای حومسی سووریا بووە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوە و کۆچبەرانی سووریا رایگەیاند، ئەسعەد حەسەن شەیبانی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هاوتا ئەمەریکییەکەی مارکۆ روبیۆ کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئاڵوگۆڕی پرسە و سەرەخۆشی کرا سەبارەت بە رووداوە دڵتەزێنەکەی شاری تەدموور و جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم کردەوە ترسنۆکانەیە هەوڵێکە بۆ تێکدانی پەیوەندییە نوێیەکەی نێوان سوریا و ئەمەریکا، لەگەڵ وەبیرهێنانەوەی گرنگترین دۆسیە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات."
 
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، وەزیری دەرەوەی سووریا نیگەرانی و داخی خۆی بۆ ئەم کارەساتە دەربڕی و بە ئاڵنگارییەکی نوێی دانا لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. "جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردنی هاوبەش لە نێوان سووریا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانیدا، لە سەرووی هەمووشیانەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بۆ بەهێزکردنی هەوڵە هاوبەشەکان لەم بوارەدا."
 
شەیبانی پرسە و سەرەخۆشیی ئەحمەد شەرعی گەیاندە دۆناڵد ترەمپ، "هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر پشتیوانییەکەی بۆ سووریا و کارکردن بۆ خێراکردنی هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر."
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی سووریا لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەش پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و بەهێزکردنی سەقامگیری و بەشداریکردن لە رەخساندنی کەشێکی گونجاو بۆ بووژانەوەی ئابووری، بە جۆرێک کە لە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریادا بێت و ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا بەهێز بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە