گەشتە ئاسمانییەکانی ئیستەنبووڵ و حەلەب دەستیانپێکردەوە

01-08-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز گەشتەکانی لە ئیستەنبووڵەوە بۆ شاری حەلەبی سووریا دەستپێکردنەوە. گەشتەکان لە ساڵی 2012وە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە راگیرابوون.
 
کاژێر 12:10 خولەکی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 1ی ئابی 2025 فڕۆکەیەکی کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز لە ئیستەنبووڵەوە بەرەو حەلەب فڕی.
 
گەشتەکان بۆ حەلەب دوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان بۆ دیمەشق لە کانوونی دووەمی 2025 دێت.
 
گەشتەکانی تورکیش ئێیەرلاینز لەنێوان فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب، سەرەتا هەفتەی سێ رۆژ (چوارشەممە، هەینی و یەکشەممە) دەبن.
 
بڕیارە لە 19ی ئابەوە ژمارەی گەشتەکان هەفتانە بۆ پێنج گەشت زیاد بکرێن و لە 1ی ئەیلوولیشەوە ببنە رۆژانە.
 
کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز دەڵێت، تۆڕی گواستنەوەی خۆی لە ناوچەکەدا بە کردنەوەی ئەم هێڵە نوێیە بەهێزتر دەکات و بژاردەی زیاتری گەشتکردن دەخاتە بەردەم گەشتیارانی.
 
مەحموود یایلا، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز، سەبارەت بە گەشتەکانی حەلەب رایگەیاند، "حەلەب بە دەوڵەمەندیی مێژوویی و کولتووریی خۆی، یەکێکە لە شارە گرنگەکانی ناوچەکە. بە کردنەوەی ئەم هێڵە، ئامانجمان بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان هەردوو وڵاتە. وەک تورکیش ئێیەرلاینز، لە کاتێکدا بژاردەی زیاتری گەشتکردن پێشکێشی گەشتیارانمان دەکەین، لە هەمان کاتدا پەیوەندییە هەرێمییەکانمان پتەوتر دەکەین."
 
کۆمپانیای تورکیش ئێیەرلاینز ساڵی 1933 دامەزراوە و تاوەکو ساڵی 1935 سەر بە وەزارەتی بەرگری بوو و دواتر بە یاسا کرایە کۆمپانیایەکی دەوڵەت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە