رووداو دیجیتاڵ
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رۆژی هەینی رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ بنکەکانی دابەشکردنی هاوکاری لە غەززە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانییان دەکرێت، یارمەتیی واشنتن دەدات لە داڕشتنی پلانێکدا بۆ گەیاندنی هاوکاریی زیاتر بەو ناوچە فەلەستینییە.
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "ئەمڕۆ زیاتر لە پێنج کاژێر لەنێو غەززەدا بووین،" هاوکات وێنەیەکی خۆیشی بڵاوکردەوە کە هێلەگی گوللـەنەبڕی لەبەردایە و لە بنکەیەکی دابەشکردنی هاوکارییەکاندا چاوی بە کارمەندان دەکەوێت.
ویتکۆف رایگەیاندووە، ئامانج لە سەردانەکەی بریتی بوو لە "یارمەتیدان بۆ داڕشتنی پلانێک بۆ گەیاندنی خۆراک و هاوکاریی پزیشکی بە خەڵکی غەززە."
سەردانەکەی ستیڤ ویتکۆف هاوکات بوو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی راپۆرتێک لەلایەن رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ (هیومەن رایتس وۆچ) کە تێیدا هێزەکانی ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی لە نزیک خاڵەکانی دابەشکردنی خۆراکی سەر بە دامەزراوەی مرۆیی غەززە کە ئیسرائیل و ئەمریکا پشتیوانیی لێ دەکەن، "خوێنڕشتنی بەردەوام" ئەنجام دەدەن.
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە فەلەستین رایگەیاند، لە 27ی ئایارەوە لانیکەم هەزار و 373 کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ وەرگرتنی هاوکاری لە غەززە کوژراون، کە 105 کەسیان تەنیا لە دوو رۆژی کۆتایی مانگی تەممووزدا بوون.
نووسینگەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "کوشتنی زۆربەی ئەم کەسانە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بووە."
بەپێی ئامارەکان، 859 کەس لە نزیک بنکەکانی خۆراکی دامەزراوە ئەمریکیی ئیسرائیلییەکە و 514 کەسی دیکەش لەسەر ئەو رێگەیانە کوژراون کە کاروانەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسە مرۆییەکان بەکاریدەهێنن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش بە پێگەی هەواڵیی ئەکسیۆسی ئەمریکی گوتووە، پلانێکیان هەیە بۆ "خۆراک گەیاندن بە خەڵک" و "دەمانەوێت یارمەتیی خەڵک بدەین. دەمانەوێت یارمەتییان بدەین بژین. دەمانەوێت خۆراکیان پێبگات. ئەمە شتێکە کە دەبوو زۆر لەمێژە بکرایە."
سەرۆکی ئەمریکا هاوشێوەی ئیسرائیل، حەماس تۆمەتبار دەکات بە "دزین"ی زۆربەی ئەو هاوکارییانەی دەگاتە غەززە، ئەمە وێڕای ئەوەی کە ئاژانسی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی کۆتایی حوزەیران لە راپۆرتێکدا رەتیکردەوە حەماس هیچ یارمەتییەکی بردبێ.
ترەمپ روونی نەکردەوە کە ئایا پلانەکەی گۆڕینی دامەزراوەی مرۆیی غەززە لەخۆدەگرێت یان میکانیزمێکی تەواو نوێی دەبێت.
دامەزراوەی مرۆیی غەززە رایگەیاند، لە سەردانەکەی ویتکۆف و مایک هاکەبی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، 100 ملیۆنەمین ژەمی خۆراکیان لە غەززە دابەشکردووە.
چاپین فەی، گوتەبێژی دامەزراوەکە گوتی، "سەرۆک ترەمپ لە گرنگیی دۆخی غەززە تێدەگات و دەزانێت کە پێویستە خۆراکگەیاندن بە خەڵکی سڤیل، نەوەک حەماس، لە پێشینە بێت. ئەمڕۆ نێردەکەی خۆی ناردووە تاوەکو وەک چاو و گوێی ئەو لە گۆڕەپانەکەدا بێت، کە ئەمەش رەنگدانەوەی نیگەرانیی زۆر و پابەندبوونی ئەوە بۆ ئەنجامدانی کاری راست."
ئاژانسی بەرگریی شارستانیی غەززە رایگەیاند، رۆژی هەینی 22 کەس بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل و هێرشی ئاسمانییەوە کوژراون کە هەشتیان لە چاوەڕوانیی وەرگرتنی هاوکاریی خۆراکدا بوون.
"لە خەیاڵ بەدەر"
لە راپۆرتەکەیدا، رێکخراوی هیومەن رایتس وۆچ سوپای ئیسرائیلی بە بەکارهێنانی برسیکردن وەک چەکی جەنگ تۆمەتبار کردووە.
بێڵکیس ویل، بەڕێوەبەری هاوبەشی قەیران و ململانێ لە رێکخراوەکە گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل نەوەک تەنیا بە ئەنقەست هاووڵاتییانی فەلەستینی برسی دەکەن، بەڵکو ئێستا نزیکەی هەموو رۆژێک گولـلەبارانیان دەکەن کاتێک بە نائومێدییەوە بەدوای خۆراکدا دەگەڕێن بۆ خێزانەکانیان."
لە وەڵامی راپۆرتەکەدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دامەزراوەی مرۆیی غەززە بە شێوەیەکی سەربەخۆ کار دەکات، بەڵام سەربازانی ئیسرائیل "لە نزیک ناوچە نوێیەکانی دابەشکردن کاردەکەن بۆ ئەوەی گەیاندنی خۆراک بە شێوەیەکی رێکخراو مسۆگەر بکەن؛" هەروەها حەماسی بەوە تۆمەتبار کرد کە هەوڵی رێگریکردن لە دابەشکردنی خۆراک دەدات و رایگەیاند، پێداچوونەوە بەو رووداوانەدا دەکەن کە بوونەتەهۆی کوژرانی خەڵک.
دوای گەیشتنی بە ئیسرائیل لە رۆژی پێنجشەممە، ویتکۆف لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کۆبووەوە.
نەتەنیاهوو بەڵێنی لەنێوبردنی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکانی داوە، بەڵام لەژێر گوشاری نێودەوڵەتیدایە بۆ کۆتاییهێنان بەو خوێنڕشتنەی کە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 60 هەزار فەلەستینی و هەڕەشەی برسێتیی لەسەر ژمارەیەکی زۆر زیاتر دروستکردووە.
دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ ویتکۆف، نەتەنیاهوو چاوی بە یۆهان ڤادەفوول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کەوت.
ئەڵمانیا هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیلە، بەڵام پەیامێکی روونی پێگەیاند.
ڤادەفوول دوای کۆبوونەوەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کارەساتی مرۆیی لە غەززە لە خەیاڵ بەدەرە" و داوای لە حکومەت کرد "هاوکاریی مرۆیی و پزیشکی دابین بکات بۆ ئەوەی رێگری لەوە بکات برسێتیی بەکۆمەڵ ببێتە راستی."
هێرشەکەی حەماس لە ئۆکتۆبەری 2023 بووە هۆی کوژرانی 1,219 کەس کە زۆربەیان سڤیل بوون. لەو 251 کەسەی بە بارمتە گیران، 49 کەسیان هێشتا لە غەززەن و سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە 27 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 60 هەزار و 249 فەلەستینی، کە زۆربەیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ