رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی هەینی مووشەکێکیان تێکشکاندووە کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو. حووسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتیی هێرشەکەیان لەئەستۆ گرت و رایانگەیاند، فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردووەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "دوای لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە کە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل بیسترا، مووشەکێک کە لە یەمەنەوە هاوێژرابوو، تێکشکێندرا."
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، لە راگەیێندراوێکی ڤیدیۆییدا گوتی، ئەوان "بە بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیی هایپەرسۆنیکی (فەلەستین 2) فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنی ئیسرائیلیان کردووەتە ئامانج."
حووسییەکان لە دوای هێرشەکەی حەماسی هاوپەیمانیان لە ئۆکتۆبەری 2023 بۆ سەر ئیسرائیل، کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی غەززە، چەندینجار هێرشی مووشەکی و درۆنیان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
حووسییەکان، کە دەڵێن بۆ پشتیوانی لە فەلەستین ئەو کارە دەکەن، لە کاتی ئاگربەستە دوو مانگییەکەی غەززەدا کە مانگی ئادار کۆتاییهات، هێرشەکانیان راگرت، بەڵام دوای ئەوەی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی دەستپێکردەوە، ئەوانیش هێرشەکانیان دەستپێکردەوە.
ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر یەمەن و بەندەرەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان و فڕۆکەخانەی سەنعای پایتەختی کردووەتە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ