ئیسرائیل: ئەمریکا ئاگاداری کردووینەتەوە کە ئێران هێرشی مووشەکیمان دەکاتە سەر

01-10-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سپی دەڵێت، ئێران خۆی بۆ هێرشێکی مووشەکیی هەنووکەیی بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات. ئیسرائیلیش دەڵێت، ئەمریکا ئاگاداریکردوونەتەوە. 
 
بەرپرسێکی باڵای کۆشکی سپی بە کەناڵی CBSـی ئەمریکی کە هاوبەشی تۆڕی میدیایی رووداوە لە تۆڕی ئینێکس، گوتووە: "ئێران خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی هێرشێکی مووشەکیی بالیستی بکاتە سەر ئیسرائیل." هۆشداریش دەدات لەوەی هەر هێرشێکی لەو جۆرە بۆ ئێران دەرئەنجامی "تووند"ی دەبێت.
 
کەمێک پێش ئێستا حیزبوڵڵای لوبنانی لە تەلەگرامی فەرمی خۆیان رایانگەیاندووە کە هێرشێکی مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەیەکی هێزی ئاسمانی لە تەلئەڤیڤ بەبێ ئەوەی ئاماژە بە زیانەکان بکەن، سوپای ئیسرائیلیش هەواڵی هێرشەکەیان پشتڕاستنەکردووەتەوە.
 
دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئسیرائیل پشتڕاستی دەکاتەوە: "ئەمریکا ئێمەی ئاگادارکردووەتەوە کە ئێران بە نیازە هێرشی مووشەکی بکاتە سەر ئیسرائیل."
 
بەپێی ئەو گوتەبێژەی سوپای ئیسرئایل وەزارەتی بەرگریی بۆ بەرپەچدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەیە. 
 
ئەمریکا پێیوایە ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بیکات هاوشێوەی هێرشەکەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دەبێت لە کاتێکدا زیاتر لە 300 مووشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد بەڵام سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بە هاوکاری ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا و هاوپەیمانان زۆرینەیانی خستەخوارەوە.
 
ئەگەری هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لەدوای کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی حەماس دێت لە تاران لە رۆژی 30ـی مانگی تەممووزی 2024. کە بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی ئەو کارەیان لە ئیسرائیل کرد.
 
هەرچەندە ئەوکاتیش ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە ئێران بەنیازی هێرشکردنە سەر وڵاتەکەیە و ئامادەکارییان بۆ هەموو هێرشێک کردووە و وەڵامیشیان دەبێت. 
 
لەدوای کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە بارەگەیەکی تایبەتی حیزبوڵڵا لە کاتی کۆبوونەوەیەکدا لە رۆژی 27ـی سێپتەمبەر لەلایەن ئیسرائیلەوە جارێکی دیکە لێدوانە تووندەکانی بەرپرسانی ئێرانی دژ بە ئیسرائیل هێنایە ئاواراوە.
 
عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، ''کوشتاری خەڵکی سڤیل لە لوبنان جارێکی دیکە دڕندەیی سەگی هاری زایۆنی بۆ هەمووان ئاشکرا کرد.''
 
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، "جیهان لەبیری ناکات کە بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لە نیویۆرکەوە درا".
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل بڕیاری کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا لەلایەن نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دراوە. لە کاتێکدا نەتەنیاهوو بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکی ئەمریکا بوو بەڵام لەنێو هۆتێلەکەیدا فەرمانی کوشتنی بەرپرسی سەرەکی حیزبوڵڵا دەرکرد.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە