نەتەوە یەکگرتووەکان: لەدوای ئاگربەستەوە 103 هاووڵاتیی سڤیل لە لوبنان کوژراون

01-10-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لەو کاتەوەی حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لە تشرینی دووەمی 2024 ئاگربەستیان راگەیاندووە، 103 هاووڵاتیی سڤیل لە لوبنان کوژراون. 

نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای زیاتر لە 10 مانگ لە ئاگربەستەکە، داوای هەوڵی نوێی کرد بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی بەردەوام.
 
رۆژی چوارشەممە، 01-10-2025، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "ئێمە هێشتا کاریگەریی وێرانکەری هێرشی فڕۆکە و درۆنەکان لە ناوچە نیشتەجێبووەکان و هەروەها لە نزیک هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشوور دەبینین."
 
ئیسرائیل سەرەڕای ئاگربەستەکە، کە بۆ کۆتاییهێنان بە زیاتر لە ساڵێک لە پێکدادان لەگەڵ حیزبوڵڵادا کرابوو، لە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان بەردەوامە و زۆرجار دەڵێت، چەکداران یان بنکەکانی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج.
 
تورک گوتی: "خێزانەکان ناتوانن دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ماڵ و ژیانیان بکەنەوە و لەبری ئەوە، رووبەڕووی مەترسیی راستەقینەی هێرشی زیاتر بوونەتەوە." گوتیشی: "سەدان قوتابخانە، دامەزراوەی تەندروستی، شوێنی پەرستن و شوێنی دیکەی سڤیلنشین زیانیان بەرکەوتووە."
 
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول، کوژرانی 103 هاووڵاتیی سڤیلی لە لوبنان لەدوای ئاگربەستەکەوە پشتڕاستکردووەتەوە. 
 
نووسینگەکەی تورک رایگەیاند، رۆژی 21ـی ئەیلوول، هێرشێکی درۆنی ئیسرائیل بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک و ماتۆڕسکیلێک لە ناوچەی سنووریی بنت جبێل بووە هۆی کوژرانی 5 کەس، کە سێیان منداڵ بوون. تورک داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و بێلایەنانەی لەو رووداوە کرد.
 
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر باشووری وڵاتەکە، کەسێک کوژراوە و پێنجی دیکەش برینداربوون.
 
زیاتر لە 80,000 کەس لە لوبنان بەهۆی تووندوتیژییە بەردەوامەکانەوە ئاوارە بوون و نزیکەی 30,000 کەسیش لە باکووری ئیسرائیل هێشتا ئاوارەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە