گوتەبێژی حکومەتی ئێران: ئەمریکا پێشنیازی دانوستاندنی راستەوخۆی رەتکردەوە

01-10-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی حکومەتی ئێران دەڵێت، پێشنیازی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ دانوستاندنی راستەوخۆ، لەلایەن نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رەتکراوەتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 01-10-2025، فاتمە موهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەبارەی چارەنووسی دانوستاندنی ئەتۆمیی نێوان تاران و واشنتن بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، پێشنیازی دانوستاندنی راستەوخۆی بە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست داوە.
 
وەک فاتمە مهاجرانی ئاماژەی دا، ''ئەو پێشنیازە بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی ئەورووپی و نوێنەری ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم درا، بەڵام ئەوەی کە نەهات بۆ دیدارەکە، ویتکۆف بوو.''
 
قسەکانی گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەکاتێکدان، تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەمریکی چەندین جار بۆ پرسی پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێران، داوای گفتوگۆی راستەوخۆیان لە وڵاتەکە کردووە و بەر لە جەنگی 12 رۆژەی تاران و تەلئەڤیڤیش، پێنج گەڕی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
فاتمە مهاجرانی ئاماژەی بە گەڕاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکانیش کرد و گوتی، ''خەڵکی ئێران دەبێ بزانن، بۆ رێگری لە گەڕاندنەوەی سزاکان یان لانیکەم دواخستنیان، هەموو کارێکمان کرد، تەنانەت پێشنیازمان کرد کە کاراکردنەوەی میکانیزمی سناپباک بۆ 45 رۆژ دوابخرێت، بەڵام ئەرووپییەکان بەهۆی گوشارەکانی ئیسرائیل، ئەو پێشنیازەشیان رەتکردەوە.''
 
هەرچەندە دوای کاراکردنی میکانیزمی "سناپباک" لەلایەن فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا، سەرجەم سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە پەیوەستن بە پرۆگرامی ئەتۆمیی ئێرانەوە، لە 28ـی ئەیلوولی 2025 بەسەر تاراندا سەپێندرانەوە، بەڵام سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەردەوام جەخت لەوە دەکەنەوە رێگەی دیپلۆماسی نەبەستراوە و پێویستە تاران لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، لەگەڵ ئەمریکا و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش سەپاندنەوەی سزا نێودەڵەتییەکان بە "ناڕەوا" دەزانێت و رایگەیاندووە، "وەڵامێکی تووند و گونجاو"یان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە