هێڵی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە غەززە پچڕایەوە

01-11-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە چەند رۆژی رابردوودا هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندی قۆناخ بە قۆناخ لە کەرتی غەززە لە چاکبوونەوەدابوون، بەڵام دووبارە پچڕانەوە و خەڵک لە جیهانی دەرەوەی غەززە دابڕانەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، 1-11-2023، کۆمپانیای پالتێلی تایبەت بە پەیوەندی و گەیاندن لە فەلەستین لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، جارێکی دیکە خەڵکی غەززە لەو پەیوەندییانە بێبەش دەبن. 
 
رۆژی هەینی، 27-10-2023ش نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، ئیسرائیل هێڵی ئینتەرنێت و پەیوەندی لە کەرتەکە بڕیوە؛ دوای دوو رۆژ کۆمپانیای پالتێل بڵاویکردەوە، هەنگاو بە هەنگاو هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بەردەست دەبنەوە و ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندازیارەکانیان بێوچان کار دەکەن بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان.
 
رێکخراوی مانگی سووری فەلەستینی ئەو کاتە بڵاویکردەوە، نەمانی ئەو هێڵانە کاریگەری هەبووە لەسەر خزمەتگوزارییە فریاگوزارییەکان؛ بزووتنەوەی حەماسیش ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەمەبەست ئەو پەیوەندییانە دەبڕێت بۆ ئەوەی کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات.
 
کۆمپانیای پالتێل، گەورەترین و تاکە کۆمپانیای پەیوەندییە لە فەلەستین کە لە ساڵی 1995 دامەزراوە.
 
بەرپرسانی کەرتی رۆژئاوا و کەرتی غەززە دەسەڵاتی دەستەبەرکردنی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانیان لەو دوو ناوچەیە نییە، بەڵکو ئیسرائیل کۆنترۆڵی هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکان دەکات، ئەوەش لەبەر ئەوەی کێبڵەکانی ئەو دوو ناوچەیە بەنێو خاکی ئیسرائیلدا تێدەپەڕن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە