هێرشەکەی ئیسرائیل زیانی بە ئێران گەیاندووە؛ پێشبینیی گرژیی زیاتر دەکرێت

01-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەگەرچی ئیسرائیل گوێڕایەڵی ئەمریکا بوو و هێرشی نەکردە سەر کێڵگە نەوتی و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام زیانی بە سیستمی بەرگری و مووشەکیی ئێران گەیاندووە و رەنگە هێرشی فراوانتریشی بکاتە سەر، ئەمە بۆچوونی ئەو شرۆڤەکارانەیە کە لەم راپۆرتەدا قسەیان کردووە.
 
ئێران 1ی تشرینی یەکەم بە نزیکەی 200 مووشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەراڵێکی کوژراوی خۆی لە لوبنان و سەرکردەکانی حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی بکاتەوە. دوای ئەو هێرشە، مەترسی ئەوە دەکرا ئیسرائیل گورزێکی گەورە لە ئێران بدات و جەنگێکی فراوان بەرپابێت.
 
ئەمریکا، کە بە گوتەی خۆی، نایەوێت شەڕەکە فراوانتر بێت، گوشاری لە ئیسرائیلی هاوپەیمانی کرد بۆ ئەوەی لە وەڵامدانەوەی ئێراندا دەست بۆ ئەو بژاردانە نەبات کە دەکرێت دۆخەکە بتەقێننەوە.
 
دواجار ئیسرائیل لە 26ی تشرینی یەکەم، هێرشی کردە سەر سیستمی بەرگریی ئاسمانی و سێ شوێنی دروستکردنی مووشەک و درۆنی ئێران.
 
وێڕای ئەوەی چوار سەربازی ئێرانی لە هێرشەکەدا کوژران، بەرپرسە ئێرانییەکان لە قسە ئاشکراکانیاندا هێرشەکەیان بە کەم و بچووک دانا. بەڵام ئێستا خەریکە وردە وردە رووندەبێتەوە کە هێرشەکە زیانی بە ئێران گەیاندووە. هەر ئەوەش نا، ئیسرائیل راشکاوانە هۆشداری بە تاران دەدات لەوەی کە هەر وەڵامدانەوەیەکی ئێران کاردانەوەی تووندتری بەدوادا دێت.
 
راپۆرتێکی شیکاریی پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی هەدسنی ئەمریکی دەڵێت، "ئەو شوێنانەی ئیسرائیل بەئامانجیگرتن، بە روونی پێشانیدەدەن کە ئیسرائیل ویستوویەتی توانای گرنگی ئێران بۆ دروستکردنی مووشەک لاوازبکات و رێگە بۆ هەنگاوی سەربازیی زیاتر خۆشبکات ئەگەر لە داهاتوودا ململانێکە ئاڵۆزتر بوو."
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل بە نزیکەی 100 فڕۆکەی جەنگی و هەندێ درۆن هێرشی کردە سەر "تواناکانی دروستکردنی مووشەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ستراتیجیی ئێران."
 
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، پێشبینی دەکرێت ئیسرائیل توانای ئێرانی بۆ دروستکردنی ئەو جۆرە مووشەکانەی "ئیفلیج" کردبێت کە لە هێرشەکەی 1ی تشرینی یەکەمیدا بۆ سەر ئیسرائیل بەکاریهێنان کە مووشەکی ئاستبەرزی مەودامامناوەندن و بارووتەکەیان لە جۆری سووتەمەنیی رەقە.
 
"گرنگیدان بە کاریگەری نەوەک بە رواڵەت"
 
لێدان لە کارگەکانی مووشەکی ئێران لە کاتێکدایە، تاران لە لایەن وڵاتانی رۆژئاواوە تۆمەتباردەکرێت بەوەی درۆنی بۆمبڕێژکراو و مووشەک بە رووسیا دەدات.
 
فابیان هینز، لێکۆلینڤانی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە ستراتیجییەکان (IISS) کە بنکەکەی لە لەندەنە، ئاماژە بەوە دەکات، ئیسرائیل لە سێ کارگەی دروستکردنی سووتەمەنی رەقی مووشەکی ئێرانی داوە، کە ئەوانیش شەهرود، پەرچین و خۆجیرن.
 
هینز دەڵێت، "وادیارە ئەوان زۆر بە مەبەست لە جومگە هەستیارەکانی پڕۆسەی دروستکردنیان داوە کە کاریگەریی گەورەی لەسەر بەرهەمی مووشەکی ئێران دەبێت."
 
لێکۆڵینڤانەکە دەشڵێت، "رەنگە ئەم هێرشانە ڤیدیۆی سەرنجڕاکێشی ئەوتۆیان لێ دروستنەبووبێت، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر زیرەکانە رێکخرابوون بۆ ئەوەی کاریگەریی گەورەیان هەبێت، وێڕای ئەوەی ژمارەی ئامانجەکان کەمیش بوو. ئەوان گرنگییان بە کاریگەری دا، نەوەک رواڵەت."
 
وێنەیەکی 27ی تشرینی یەکەمی کارگەی پەرچین، کاریگەریی هێرشە ئاسمانییەکە بە روونی دەخاتەڕوو.
 
هینز پێیوایە، بەئامانجگرتنی سیستمی بەرگریی ئاسمانیش واتایەکی گەورەی هەیە و دەڵێت، "ئیسرائیلییەکان لەو رێگەیەوە پەیامێکیان نارد بەوەی ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هێرش بکاتەوە، ئەوا ئەم جارە ئاسانتر دەبێت و رەنگە گەورەتریش بێت."
 
لێکۆڵینەوەیەکی پەیمانگەی لێکۆڵینەوە جەنگییەکان (ISW) کە بارەگاکەی لە ئەمریکایە، ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکەی ئیسرائیل زیانی بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی S-300یش گەیاندووە کە رووسیا بە ئێرانی داوە. لەبەرئەوەی رووسیا بۆ شەڕی ئۆکراینا پێویستی بەو سیستمانەیە، لێکۆڵینەوەکە بە دووری دەبینێت مۆسکۆ بتوانێت لەم کاتەدا بە تارانی بداتەوە.
 
هەر لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە کە زانیاری لە ئیسرائیلەوە هەیە لەسەر ئەوەی "ئێران هیچ سیستمێکی S-300ی نەماوە کە کاربکات،" بەڵکو هەموویان پەکیانکەوتووە.
 
عەزیز ناسرزادە، وەزیری بەرگریی ئێران دەڵێت،"رژێمی زایۆنی هەوڵیدا زیان بە سیستمی بەرگری و هێرشبردنمان بگەیێنێت"، بەڵام "هیچ وەستانێک لە پڕۆسەی دروستکردنی سیستمەکان دروستنەبووە، لە نێویاندا مووشەکەکان."
 
ئەگەری زیادبوونی گرژییەکان
 
دوژمنایەتیی ئێران و ئیسرائیل کۆتایی نەهاتووە و هەردوو لا هۆشداری دەدەن کە دەکرێت ململانێکە زیاتر بێت.
 
محەممەد محەممەدی گوڵپایگانی، سەرۆکی نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری ئێران، کە بە دەگمەن بۆ رای گشتی قسە دەکات، رۆژی پێنجشەممە هۆشداریدا کە ئێران وەڵامێکی "تووند و تەمبێکەرانە"ی بۆ ئیسرائیل دەبێت.
 
رۆژنامەی نیۆرک تایمزی ئەمریکی رۆژی هەینی لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە باسی لەوە کرد، عەلی خامنەیی رۆژی دووشەممە فەرمانی بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کردووە خۆیان بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل ئامادە بکەن، "چونکە هێرشەکەی ئیسرائیل زۆر لەوە فراوانترە چاوپۆشی لێ بکرێت."
 
ئەگەر ئێران ئەوە بکات، ئەوا دەکرێت ئیسرائیلیش وەڵامی بداتەوە. هەموو پرسیارەکانیش لەسەر ئەوەن کە ئایا جاری داهاتوو ئیسرائیل دەست بۆ بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەبات یان نا، وێڕای ئەوەی دیار نییە کە ئایا دەتوانێت بە تەنیا و بێ یارمەتیی ئەمریکا هێرشی لەو جۆرە بکات، چونکە پێویستی بەوە دەبێت بۆمبی حەشارشكێن بەکاربێنێت بۆ ئەوەی بگەنە بنکە ئەتۆمییەکان کە لە ژێر زەویدان.
 
هێرتسی هالێڤی، سوپاسالاری ئیسرائیل هۆشداری بە ئێران دەدات کە ئەگەر لە ئیسرائیل بدات، "زۆر زۆر بە تووندی" تۆڵە دەکەنەوە.
 
هینز پێیوایە، لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە ستراتیجیی ئیسرائیل بەرامبەر ئێران گۆڕاوە و بنیامین نەتەنیاهوو نایەوێت بە ئاسانی واز لە تاران بێنێت.
 
هینز دەشڵێت، "ئەگەر ئێرانییەکان هێرشیکی دیکە بکەن، ئەوا رەنگە ئیسرائیل بە هێرشێکی دیکە وەڵامی بداتەوە. ئەگەر ئێرانییەکان هێرشەکە نەکەن، رەنگە ئیسرائیلییەکان ئەوە بە بانگێشتکردنێک ببینن بۆ ئەوەی هێرشی زیاتر بکەنە سەری."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و عەباس عێراقچی لە دیمەشق لە 1-12-2024، وێنە:  IRANIAN FOREIGN MINISTRY / AFP

وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی سووریا سەردانی عێراق دەکات

وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دۆخی سووریا و دوایین پێشهاتەکانی، رۆژی هەینی سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە.