شەڕ لە غەززە دەستیپێکردەوە و لە یەکەم رۆژدا زیاتر لە 109 کەس گیانیان لەدەستدا

01-12-2023
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەیانیی ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کۆتاییهات و تەندروستیی غەززە دەڵێت، لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی شەڕی دوای ئاگربەست، بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە، تاوەکو ئێستا 109 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "لە تۆڵەی کردنە ئامانجی خەڵکی سڤیل"، چەند پێگەیەکی ئیسرائیلیان بە هاوەن کردوونەتە ئامانج و بە مووشەکیش شاری سدیرۆتیان بۆردوومان کردووە.
 
لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، تەنیا ئەمڕۆ هەینی، "زیاتر لە 200 پێگەی تیرۆریستی"یان لە غەززە بۆردوومان کردووە.
 
سوپای ئیسرائیل باس لەوە دەکات لە دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەست، لە کاژێر 07:00ی بەیانیی ئەمڕۆوە (08:00 بەکاتی هەولێر) دەستیان بە هێرشەکانیان کردووەتەوە و لە ئاسمان، زەوی و دەریاوە پێگەی گرووپە چەکدارەکانیان لە باکوور و باشووری غەززە کردووەتە ئامانج.
 
هەینیی رابردوو، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بۆ 4 رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر. 
 
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا، 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران؛ هەروەها 750 بارهەڵگری هاوکاری چوونە نێو غەززە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە