رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە دوبەی
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوبەی بەشداری لە رێوڕەسمی کردنەوەی کارەکانی لووتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28)دا كرد کە چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان تێیدا بەشدار بوون.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات چووەتە دوبەی بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیهانیی گۆڕانی کەشوهەوا کە زیاتر لە 200 وڵات، هەرێم و رێکخراو بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا دەکەن.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆش نێچیرڤان بارزانی لە چوارچێوەی چالاكييهكانى كۆنفرانسهكهدا، لهگهڵ ژمارهيهک سهركرده و ميوانانى كۆنفرانس، له رێوڕهسمێكدا بهشداریکرد لە دابهشكردنى "خهڵاتى زايد بۆ بهردهوامى" كه خهڵاتێكى جيهانيى پێشهنگه له ئيمارات و دهبهخشرێته ئهو كۆمپانيا بچووک و مامناوهند و NGO و قوتابخانه ئامادهييانهى بيرۆكهى چارهسهرى بهردهوام پێشکێش دهكهن.
براوهكانى ئهمجارهى خهڵاتهكه، ئهوانهن له بوارى كهشوههوادا كار دهكهن و ههوڵيان داوه و توانيويانه بيسهلمێنن كه دهكرێت چارهسهرى داهێنهرانه بۆ كێشه و لێكهوتهكانى زيادبوونى رێژهى دانشتووان بدۆزرێتهوه، بێ ئهوهى كاريگهريى خراپ بهسهر ژينگهوه جێبهێڵن.
کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا یاخود کۆپ 28 یەکێکە لە رووداوە هەرە دیارەکانی ساڵ کە لە دوبەی بە بەشداریی سەرکردە و بڕیاربەدەستانی جیهان بەڕێوەدەچێت. مەبەست لێی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و دەرکردنی چەند بڕیارێک و بەرەپێشبردنی چەند هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هۆکارانەی گۆڕانی کەشوهەوایان بەدواوە دێت.
کۆپ، کورتکراوەی کۆنفرانس پارتییە واتە کۆنفرانسی ئەو لایەنانەی کە لە 1992 واژۆیان لەسەر رێککەوتنی کەمکردنەوەی دەردانی گازە گەرمکەرەکان کرد؛ ژمارەی 28یش ئاماژەیە بۆ 28ـەمین کۆنفرانس کە لە31 ساڵی رابردوودا کراون.
لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی کۆنفرانسی کۆپ 28 کە ئەمڕۆ لە دوبەی بەڕێوەچوو، شا چارلس، پادشای بەریتانیا گوتاری دەستپێکردنی کۆنفرانسەکەی پێشکێش کرد و دوای ئەوەش بەشێک لە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان گوتاریان پێشکێش کرد.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەو لووتکەیە بەشدارن.
ئەمڕۆ هەینی، 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، نێچیرڤان بارزانی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: "دڵخۆشم کە لە دوبەیم بۆ ئاهەنگی کردنەوەی کۆنفرانسی کۆپ 28، ناکرێت لە گرنگی هەوڵی یەکگرتوو و هاوئاهەنگی جیهانی بۆ پاراستنی هەسارەکەمان کەمبکرێتەوە".
نێچیرڤان بارزانی چاوی بە دەیان سەرکردە و سەرۆکی وڵاتان کەوت، لەنێویاندا شا چارلسی سێیەم، پادشای بەریتانیا، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرسولا ڤۆندێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا.
هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیداری لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر و چەندین سەرۆک و سەرکردەی وڵاتانی جیهان هەبوو.
زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 200 دەوڵەت و حکومەتی جیهان بەتەنیشت هەزاران بڕیاربەدەست، زانا، شارەزای بوارە جیاوازەکان، سەرۆک و ئەندامانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و گرووپە جیاوازەکانی گەنجان بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتیی تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو، وشکەساڵی، سووتانی دارستانەکان و کەمبوونەوەی رووبەری سەوزایی لە وڵاتان، بەتایبەتیش وڵاتانی جیهانی سێیەم یاخود تازەگەشەکردوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ