رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق بە رووداوی گوت، گەورەترین کێشەی ئێستای جیهان ژینگەیە؛ لەبارەی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ گۆڕانی کەشوهەوا کە ئێستا لە ئیمارات بەڕێوەدەچێت گوتی، هەنگاوەکانی کۆنفرانسەکە لە ئاست کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نین.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕۆ هەینی، 01-12-2023، لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا COP28 کە لە دوبەی بەڕێوەدەچێت، قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی رووداو بۆ رووماڵی لووتکەکە کرد و گوتی، عێراق پێویستی بە هاوکاری هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.
سەرۆککۆماری عێراق گوتی، "لە جیهانی ئەمڕۆدا کۆمەڵێک پێشکەوتن روویانداوە، چی لە رێگەی پەیوەندییەکانەوە بێت یان لە رووی گەشت و حەوانەوەی مرۆڤەوە. ئەم پێشکەوتنانە کێشەشیان هێناوەتە کایەوە. گەورەترین کێشە ئێستا رووی لە جیهان کردووە ژینگەیە. ژینگە کۆمەڵێک بابەت دەگرێتەوە، بۆ نموونە کەمیی ئاو لە جیهاندا؛ ئەو شتەی پێی دەڵێن بەبیابانبوون کە لە ئەنجامی کاریگەریی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا روودەدات. جگە لەوانەش، ئێمە گاز و نەوتێکی زۆر بەکاردەهێنین و ئەوەش کاریگەریی کردووەتەسەر کەشی جیهان. بەشێوەیەکی گشتی ئەوە هەندێک زیانی لە کۆمەڵێک ناوچە داوە. ئێمە بۆ ئەوەی نەخشەیەک بۆ داهاتوو دابنێین، دەبێت ئەو زیانانە کەم بکەینەوە".
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەکرد، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە کۆمەڵێک گرفت دروستبوون، بۆ نموونە کەمیی ئاو. گوتیشی سەرچاوە "ئاوییەکانیشمان پەیوەستن بە چەند دەوڵەتێکەوە؛ جگە لەوە زۆرجار کەمبارانی لە ناوچەکەدا روودەدات یان بەرزبوونەوەی پلەی گەرما زیاد دەکات. ئەوانە هەموویان کاریگەرییان هەیە و ئەم جۆرە کۆنفرانسانە تاڕادەیەک باسی ئەو بابەتانە دەکەن و هەوڵ دەدەن چارەسەریان بۆ بکرێت".
لەبارەی کاریگەریی ئەنجامی کۆنفرانسەکەوە، سەرۆککۆماری عێراق لە قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی، "هەنگاوەکان بەو ئاستە نین کە خراپیی ژینگە کاریگەری هەبووە. پێویستە ئەو هەنگاوانەی خرانەڕوو بۆ چارەسەر بە زوویی جێبەجێ بکرێن".
لەبارەی هاوئاهەنگیی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، لەتیف رەشید گوتی، "هیوادارین وەزارەتی ژینگەی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێم[ـی کوردستان] ئەو شوێنانەی پێویستیان بە چاککردنی ژینگە هەیە هەوڵیان بۆ بدەین لە داهاتوودا جێبەجێ بکرێن".
ئەم ساڵ، ئیمارات لووتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا بەڕێوەدەبات؛ زیاتر لە 70 هەزار کەس، لەنێویاندا سەرکردەی 200 وڵات، رێکخراو و هەرێم لەگەڵ هەزاران زانا و پسپۆڕ و شارەزای بوارە جیاوازەکان کە بەشداری لە گفتوگۆکاندا دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و چۆنیەتی تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لە لووتکەکەدا بەشدارن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ