ئەنجێلینا جولی لە رەفەحەوە: غەززە بووەتە گۆڕێکی بەکۆمەڵ و جیهان تەماشای دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجێلینا جولی، ئەستێرەی سینەمایی و چالاکڤانی مرۆیی، گەیشتە دیوی میسری دەروازەی رەفەح و لە نزیکەوە دۆخی "کارەساتبار"ی کەرتی غەززەی بینی. جولی هۆشداریدا لەوەی غەززە لە "زیندانێکی کراوە"ـەوە بووەتە "گۆڕێکی بەکۆمەڵ" و رێگریکردن لە گەیشتنی هاوکارییەکانی بە "سزادانی بەکۆمەڵ" ناوبرد.
 
رۆژی هەینی 02-01-2026، ئەنجێلینا جولی بە یاوەریی شاندێکی فەرمی کە پێکهاتبوون لە نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، پارێزگاری سینای باکوور و وەزیری کۆچبەرانی میسر، گەیشتە خاڵی سنووریی رەفەح لەنێوان میسر و غەززە.
 
هەزاران بارهەڵگر چاوەڕێ دەکەن
 
جولی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ خۆبەخشانی مانگی سووری میسری و شۆفێری ئەو بارهەڵگرانە دانیشت کە چاوەڕێی گواستنەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەکەن. خۆبەخشێک بە ئەنجیلینا جولی گوت: "لێرە هەزاران بارهەڵگری هاوکاری هەن کە تەنیا چاوەڕێی ئەوەن رێگەیان پێ بدرێ بچنە ژوورەوە."
 
بەگوێرەی میدیای میسر، جولی لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ رەوشی گەیاندنی هاوکارییەکان کردووە و سەردانی ئەو فەڵەستینییە بریندارانەشی کردووە کە بۆ چارەسەر بۆ نەخۆشخانەکانی میسر گوێزراونەتەوە.
 
"برسێتی وەک چەک بەکاردێت"
 
ئەنجێلینا جولی کە زیاتر لە 20 ساڵ نێردەی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) بوو، یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی جیهان کە رەخنەی تووند لە دۆخی غەززە دەگرێ و لەم سەردانە و لێدوانەکانی پێشوودا جەختی لە چەند خاڵێک کردووەتەوە:
 
سزادانی بەکۆمەڵ: رێگریکردن لە گەیشتنی سووتەمەنی، ئاو و خۆراک بۆ دانیشتووان بە "سزادانی بەکۆمەڵ"ـی گەلێک ناوی برد.
 
گۆڕی بەکۆمەڵ: جولی پێی وایە غەززە کە دەیان ساڵە وەک "زیندانێکی کراوە" بووە بۆ دانیشتووانەکەی، ئێستا خەریکە دەگۆڕێ بۆ "گۆڕێکی بەکۆمەڵ."
 
برسێتیی دەستکرد: جولی هۆشداری داوە لەوەی کە خەڵکی غەززە رووبەڕووی "برسێتی" بوونەتەوە کە رێگەدراوە رووبدات، ئەوەش بەهۆی "خراپەکاری و بێباکیی" جیهانەوە.
 
ستەمکاریی ئەنجوومەنی ئاسایش: ئەنجێلینا رەخنەی لە سەرکردەکانی جیهان گرتووە بەوەی "شێوازێکی هەڵبژاردن" بەکاردێنن بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ واتە بەپێی بەرژەوەندیی وڵاتان بڕیار دەدەن کێ بپارێزن و کێ پشتگوێ بخەن.
 
جەنگی دوو ساڵەی غەززە بووەتەهۆی کوژرانی زیاتر لە 70 هەزار کەس و وێرانبوونی زۆربەی ژێرخانی کەرتەکە.
 
لەلایەکی دیکەوە، میسر و 6 وڵاتی دیکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رۆژی هەینی داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستبەجێ رێگرییەکانی سەر دەروازەکە لاببات.
 
لە سەرەتای کانوونی یەکەمدا ئیسرائیل رایگەیاند، دەروازەی رەفەح تەنیا بۆ ئەوانە دەکرێتەوە کە دەخوازن غەززە جێبهێڵن، بەڵام قاهیرە خێرا رەتیکردەوە و رایگەیاند رێگە بەوە نادەن پلانی کۆچپێکردنی زۆرەملێ جێبەجێ بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 هێزەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانی باشووری یەمەن. وێنە: AFP

"یەمەنی باشوور" دەروازەی چەند بنکەیەک بۆ هێزێكی "هاوپەیمانیی عەرەب" دەکاتەوە

"ئەنجوومەنی راگوزەری باشووری یەمەن" کە نزیکەی مانگێکە بە زەبری چەک، کۆنترۆڵی سەرجەم 8 پارێزگەکەی "باشووری یەمەن"ی لە هێزە چەکدارەکانی "باکووری یەمەن" کردووە، ئێستا بڕیاری داوە دەرگەی بەشێک لە بنکە و سەربازگەکانی بۆ هێزە دەرکراوەکان بکاتەوە.