رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا سعودی و ئیماراتییەکەی قسەی کرد و مژارێکی سەرەکیش دۆخی یەمەن بوو.
ئەمڕۆ هەینی 2ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بە تەلەفۆن لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە و شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات قسەی کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێ، هاکان فیدان لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی یەمەن کردووە و پلانی کارکردنی هاوبەش و گرتنەبەری ستراتیژییەتی پاراستنی ئارامی و سەقامگیرکردنی یەمەن و ناوچ ئاوییەکانیان خستووەتە بەرباس.
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە لە کاتێکدایە، دۆخی نوێ لە یەمەن هاتوەتە ئاراوە.
رۆژی هەینی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە بۆ دەرکردنی هێزەکانی باشووری یەمەن کە لەلایەن ئیماراتەوە پاڵپشتی دەکرێن، فڕۆکە جەنگییەکان فڕۆکەخانەیەک و بنکەیەکی سەربازییان لە شاری سەیوونی یەمەن کردە ئامانج.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور و شایەتحاڵەکان، فڕۆکەخانەی سەیوون و بنکە سەربازییەکەی ئەو شارە رووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.
ئەمە یەکەم جار بوو سەربازانی لایەنگری ئیمارات بە هێرشی هاوپەیمانییەکەی سعودیە بکوژرێن، ئەوەش دوای ئەوەی مانگی رابردوو ئەنجوومەنی راگوزەر دەستی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی پارێزگاکانی حەزرەمەوت و مەهرەدا گرت.
دوای هێرشەکان، گوتەبێژێکی سەربازیی ئەنجوومەنی راگوزەر رایگەیاند، ئەوان لە جەنگێکی "یەکلاییکەرەوە و مان و نەماندان" دژی هێزە یەمەنییەکانی نزیک لە سعودیە و شەڕەکەشی وەکو شەڕی دژی ئیسلامی تووندڕۆ پێناسە کرد، کە ئەمە نیگەرانییەکی لەمێژینەی ئیماراتە.
ماوەی چەندین ساڵە سعودیە و ئیمارات پاڵپشتی لە لایەنە رکابەرەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن دەکەن، بەڵام هێرش و پێشڕەوییەکانی ئەنجوومەنی راگوزەر ریازی تووڕە کردووە و بووەتەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو کە پێشتر پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی عەرەبی دژی حووسییەکان شەڕیان دەکرد.
محەممەد عەبدولمەلیک، بەرپرسی ئەنجوومەنی راگوزەر لە حەزرەمەوت رایگەیاند، حەوت هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر سەربازگەی خاسە، حەوت کوژراو و زیاتر لە 20 برینداری لێکەوتووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشی دیکە کراوەتە سەر پێگەکانی دیکەی هەمان ناوچە.
هێرشە ئاسمانییەکان دوای ماوەیەکی کەم لە دەستپێکردنی هەڵمەتێکی هێزەکانی نزیک لە سعودیە هات بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی "ئاشتییانە"ی پێگە سەربازییەکان لە حەزرەمەوت.
سالم خەنبەشی، پارێزگاری حەزرەمەوت کە هاوکات سەرکردەی هێزە خۆجێییەکانی نزیک کە سعودیەیە، بە ئاژانسی هەواڵی سەبەئـ نێتی یەمەنی راگەیاندووە، "ئەم ئۆپەراسیۆنە راگەیاندنی جەنگ نییە و هەوڵێکیش نییە بۆ زیادکردنی گرژییەکان."
دەشڵێت، "ئۆپەراسیۆنەکە هیچ گرووپێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ناکاتە ئامانج"، بەڵکو ئامانجی "رادەستکردنی سیستماتیک و ئاشتییانەی پێگە سەربازییەکانە."
سەرچاوە سعودییەکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێرشەکان لەلایەن هاوپەیمانیی عەرەبییەوە کراون کە لە ساڵی 2015 بۆ شەڕی دژی حووسییەکان پێکهێندرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە سوپای سعودیە هۆشداریدا و گوتی، "هێرشەکان ناوەستن تاوەکو ئەنجوومەنی راگوزەری باشوور لەو دوو پارێزگایە دەکشێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ