رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ئیمارات دەڵێ، پڕۆسەی کشاندنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە یەمەن کۆتایی هاتووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات دەڵێ، پڕۆسەی کشاندنەوەی سەرجەم هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە یەمەن کۆتایی هاتووە.
ئێوارەی رۆژی هەینی، 2ی کانوونی دووەمی 2026، لە راگەیێندراوێکدا وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند: "تەواوی ئەندامانی هێزە چەکدارەکانمان لە یەمەن گەڕانەوە، ئەوەش دوای جێبەجێکردنی بڕیاری کۆتاییهێنان بەو ئەرکانەی کە مابوون بۆ تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هێزەکان بە هاوئاهەنگی هاوبەشە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە، بە شێوەیەک کە سەلامەتیی هەموو سەرباز و ئەندامانی هێزە چەکدارەکان پارێزراو بێت.
30 کانوونی یەکەمی 2025، حکومەتی دانپێدانراوی یەمەن کە لە لایەن سعودییەوە پشتیوانی دەکرێ، باری نائاسایی لە سەرانسەری وڵاتەکە راگەیاند و مۆڵەتی 24 کاژێری بە هێزەکانی ئیمارات دا لە یەمەن بکشێنەوە و هەمان رۆژ وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، کۆتایی بە ئەرکی ئەو تیمانە دەهێنێت کە لە یەمەنن.
چەندین ساڵە سعودیە و ئیمارات پاڵپشتی لە لایەنە رکابەرەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی یەمەن دەکەن، بەڵام هێرش و پێشڕەوییەکانی ئەنجوومەنی راگوزەر ریازی تووڕە کردووە و بووەتەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو کە پێشتر پێکەوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی عەرەبی دژی حووسییەکان شەڕیان دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ