وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: خان یونسمان کۆنترۆڵ کرد و چاومان لەسەر رەفەحە

02-02-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایدەگەیێنێت، سوپای وڵاتەکەی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی بەرەو شاری رەفەح لە سنووری میسر بچێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت چەند رۆژێکە هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست چڕبوونەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، یوواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئێمە خەریکین لە خان یونس ئەرکەکانمان بەجێدەهێنین و دەگەینە رەفەح."
 
لە 2.3 ملیۆن دانیشتووی غەززە، زیاتر لە نیوەیان روویان لە شاری رەفەح کردووە و لە خێوەت، باڵەخانە گشتییەکان و ئەو پەناگانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دروستکراون، دەمێننەوە.
 
هەفتەری رابردوو لە پاریس، نوێنەرانی قەتەر، میسر، ئیسرائیل و ئەمریکا کۆبوونەوە و پێشنیازێکیان خستە بەردەم حەماس بۆ ئەوەی ئاگربەست لە غەززە رابگەیێندرێت.
 
بەگوێرەی پێشنیازەکە، لە قۆناخی یەکەمدا بۆ ماوەی 40 رۆژ شەڕەکە دەوەستێندرێت و حەماسیش لە بەرامبەردا 100 بارمتەی ئیسرائیل ئازاد دەکات، بەڵام بەگوێرەی میدیای ئەمریکی تاوەکو ئێستا حەماس وەڵامی پێشنیازەکەی نەداوەتەوە.
 
نزیکەی چوار مانگە جەنگی گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل بەردەوامە. جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە رۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، حەماس ئۆپەراسیۆنی "تۆفانی ئەقسا"ی دژی ئیسرائیل راگەیاند، ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێری ئاسنین"ی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و گرووپی جیهادی ئیسلامیش لە کەرتی غەززە چووە نێو شەڕەکە. تاوەکو ئێستاش هەوڵە نێودەوڵەتییەکان نەبوونەتە هۆی وەستاندنی جەنگەکە.
 
رۆژی 24-11-2023 ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دوو جار درێژکرایەوە، جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
 
لە ماوەی ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
 
هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن و راگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامە، رۆژی هەینی، 26-1-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "سەرۆک جۆ بایدن لەگەڵ میری قەتەر و سەرۆکی میسر لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی نێو ئیسرائیل و غەززە بە تەلەفۆن قسەیکرد."
 
لەبارەی بارمتەکانەوە، ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی رایگەیاند، واشنتن هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئاسانکاریی بۆ رێککەوتنێکی دیکەی هاوشێوەی رێککەوتنەکەی مانگی 11ـی ساڵی 2023 بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتانەی لە غەززە ماون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە