رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، کە 17 هەزار منداڵ لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە لە خێزانەکانیان دابڕاون. ئاماژە بەوەش دەکات، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە پێویستییان بە پشتیوانیی دەروونی هەیە.
رۆژی هەینی، 2ـی شوباتی 2024، جۆناسان کریکس، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یونیسێف بۆ کاروباری خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "منداڵانی غەززە نیشانەی دڵەڕاوکێی بەردەوام، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و خەوزڕاندنیان هەیە؛ منداڵانی غەززە هەر کاتێک گوێیان لە تەقینەوە بێت، تووشی شۆک دەبن".
ئەو بەرپرسەی یونیسێف ئاماژەی بەوەشکردووە، نزیکەی هەموو منداڵانی غەززە کە ژمارەیان 1.1 ملیۆن منداڵە پێویستییان بە پشتیوانی دەروونی هەیە.
رێکخراوی Euro-Med کە رێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، زیاتر لە 24 هەزار منداڵی غەززە، دایک یان باوکیان لەدەستداوە.
بەگوتەی رێکخراوی Save the Children تاوەکو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار منداڵی غەززە لە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل کوژراون، واتە لە هەر رۆژێکدا 100 منداڵ لە غەززە کوژراون.
لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە زیاتر لە 20 هەزار منداڵ لە غەززە لە دایکبوون، ئێستاش زیاتر لە 52 هەزار خانم لە غەززە دووگیانن، تەندروستیی جیهانیش دەڵێت، پێویستییان بە هاوکاری بەپەلە هەیە.
جەنگی غەززە لە چوار مانگ نزیک دەبێتەوە، تاوەکو ئێستا نزیکەی 100 هەزار کەس لە کەرتەکە کوژراون و بریندار بوون و لە 2.4 ملیۆن دانیشتووی غەززەش، 80٪ـیان ئاوارە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ