ئەمریکا: هێرشەکانمان 30 خولەکیان خایاند و سەرکەوتوو بوون

03-02-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، سێ دامەزراوەیان لە عێراق بە سەرکەوتوویی کردووەتە ئامانج و پێشتر حکومەتی عێراقیان ئاگادار کردبووەوە. هەروەها دەڵێت، هێرشەکانیان لە عێراق و سووریا 30 خولەکیان خایاندووە و "سەرکەوتوو بوون." 
 
بەرەبەیانی شەممە، 3-2-2024، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئەمشەوی ئەمریکا بۆ سەر سووریا و عێراق رایگەیاند، "سێ دامەزراوە لە عێراق و چوار دامەزراوە لە سووریا بە سەرکەوتوویی هێرشیان کرایەسەر."
 
جۆن کێربی لە واشتنتن دی سییەوە لەبارەی هێرشەکان قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد کە دیار کوردە، پەیامنێری رووداو لە کۆنفرانسەکە ئامادەبوو، گوتی "هێرشەکان لە وەڵامی کوژرانی سێ سەربازمان بوو لە ئوردن. هێزەکانی ئەمریکا زیاتر لە 85 شوێنیان کردە ئامانج کە خۆیان لە حەوت دامەزراوە دەبینیەوە و لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپەکانی نزیک لێیان بەکاردەهاتن."
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی، ئامانجەکان "بە وریاییەوە هەڵبژێردرابوون" بۆ ئەوەی هیچ زیانێکی مرۆیی نەبێت. بەڵگەشیان لەبەردەست بوو کە ئەو دامەزراوانە پەیوەندییان بە هێرشەکەی سەر هێزەکانیان هەبوو لە ئوردن.
 
شەوی هەینی 2-2-2024، سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا رایانگەیاند، ناوچەکانی ئەلبوکەمال و مەیادین لە پارێزگەی دێرەزوور بۆردوومان دەکرێن کە بەوە ناسراون، گرووپی چەکداری نزیک لە ئێرانی تێدان.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، "هێرشەکە وەک وەڵامێک بوو بۆ کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن."
کێربی هەروەها دەڵێت، "ئێمە هەوڵنادەین ئاماژە بۆ هیچ لایەک بنێرین، تەنیا مەبەستمان ئەوانەیە کە دەیانەوێت ئازاری ئەمریکییەکان بدەن."

 

 
لەبارەی هەڵوێستی ئێران، تائێستا هیچ لێدوانێکیان نەبووە و کوژرانی هیچ ئەندامێکیان پشتڕاستنەکردووەتەوە. کێربیش رایگەیاند، "لەدوای هێرشەکەی ئوردنەوە [لە 28-1-2024] تا ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران نەبووە."
 
رۆژی 28-1-2024 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە بنکەی تاوەر22 لە ئوردن هێزێکی ئەمریکی کردە ئامانج و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و 41ـی دیکەش برینداربوون.
 
دوای سێ رۆژ ئەمریکا رایگەیاند، "گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ئەم هێرشەیان کردووە و وەڵاممان بۆیان دەبێت."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە