سوپاسالاری نوێی ئیسرائیل دیاریکرا

02-02-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، ئیال زامیر، بەڕێوەبەری گشتیی سوپای ئیسرائیل بە سوپاسالاری وڵاتەکە دەستنیشانکرا. 
 
بەپێی نووسینگەکەی، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیران و ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکە هاوڕابوون کە "ئیال زامیر، ژەنەڕاڵی باڵا ببێتە سوپاسالاری سوپای ئیسرائیل." 
 
ئیال زامیر جێگەی هێرزی هەلێڤی دەگرێتەوە کە رۆژی 21ـی ئەم مانگە دەستی لەکارکێشایەوە. 
 
ئەو کات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرزی لە نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی "شکستی سەربازی لە 7ـی ئۆکتۆبەر" دەستی لەکارکێشاوەتەوە. سوپاکە ئاماژەی بەوەش کرد، هێرزی لەکاتێکدا ئەرکەکەی جێدەهێڵێت کە سەرکەوتنی گەورە بۆ سوپا بەدەستهاتووە. 
 
هێرزی تاوەکو 6ـی نیسانی ئەم ساڵ لە ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت و دواتر زامیر دەستبەکار دەبێت. 
 
هێرزی باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئیسرائیلە کە بەهۆی هێرشەکەی ئۆکتۆبەری حەماسەوە دەستی لەکارکێشابێتەوە. 
 
لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، حەماس لە زەوی، ئاسمان و دەریاوە هێرشی کردە سەر کۆمەڵگە جوونشینەکانی نزیک کەرتی غەززە و نزیکەی هەزار و 200 کەسی کوشت و 250 کەسی دیکەشی بە بارمتە گرت. 
 
دوای هێرشەکە، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد. ئۆپەراسیۆنەکە بووە هۆی کوژرانی 47 هەزار فەڵەستینی و زیاتر لە 110 هەزاریشیان بریندار بوون. 
 
دوای 15 مانگ لە جەنگی نێوانیان، رۆژی 19-01-2025، ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی لەنێوان حەماس و ئیسرائیل کەوتە واری جێبەجێکردنەوە. ئێستاش گفتوگۆی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل و حەماسە بۆ قۆناخی دووەمی ئاگربەستەکە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە