رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکی میسر بڵاویکردەوە، سەرۆکی وڵاتەکە بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و گفتوگۆیان لەبارەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی لەنێوان فەلەستین و ئیسرائیل کردووە.
رۆژی شەممە، 1ـی شوباتی 2024، نووسینگەی سەرۆکی میسر بڵاویکردەوە، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بە دۆڵاند ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای گوت، جیهان چاوی لە ئەوە بۆ "گەیشتنە رێککەوتنێکی ئاشتیی مێژوویی و درێژمەودا."
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سیسی، سەرۆکی میسر و سەرۆکی ئەمریکا جەختیان لە بەردەوامیی "هاوکاری و هاوئاهەنگی" نێوانیان کردووەتەوە و یەکدیشیان بۆ سەردانی وڵاتەکانیان بانگهێشت کردووە.
کۆشکی سپیش راگەیێندراوێکی لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بڵاوکردەوە. تێیدا دەڵێ سیسی بە ترەمپی گوت، "سەرکردایەتیی سەرۆک ترەمپ دەکرێت ببێتە هۆی سەردەمێکی زێڕین بۆ ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا."
ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لەکاتێکدایە؛ رۆژی شەممە وەزیرانی دەرەوەی میسر، ئوردن، ئیمارات، سعودیە و قەتەر لە قاهیرە کۆبوونەوە و دواتر راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایان بۆ نیشتەجێکردنی دانیشتووانی غەززە لە ئوردن و میسر رەتکردەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیرانی دەرەوە هەرچەشنە پێشێلکردنێکی مافی فەلەستینییەکانیان رەتکردەوە، جا چ بە "نیشتەجێکردن، دەرکردن، رووخاندنی ماڵەکان، لکاندن، ئاوارەکردن، هاندان یان گواستنەوەیان لە خاکەکەیان دا" بێت.
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، ترەمپ پلانی خۆی بۆ خەڵکی غەززە راگەیاند و گوتی، پێویستە خەڵکی ئەو ناوچەیە ببرێنە ئوردن و میسر. چوارشەممەی رابردووش سەرۆکی میسر گوتی، "ئاوارەکردنی خەڵکی فەلەستین لە خاکەکەیان، نادادپەروەرییە و ناتوانین بەشداریی تێدا بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ