تەپڵی جەنگ لێدەدرێ؛ رۆژنامەکان لەبارەی ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران چی دەڵێن؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکانی نێوان ئیدارەی ترەمپ و ئێران، رۆژنامە دیارەکانی جیهان بە وردی باسی سیناریۆکانی جەنگ، مەترسییەکان و ئامادەکارییەکان دەکەن. 
 
واشنتن پۆست: "مووشەکەکانی ئێران هێشتا مەترسیدارن"
 
ئەم رۆژنامەیە باس لەوە دەکات وڵاتانی کەنداو، وەک سعودیە و ئیمارات، هۆشدارییان داوەتە ئەمریکا و گوتوویانە، راستە ئێران ساڵی 2025 شەڕێکی 12 رۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل کرد و زیانی بەرکەوت، بەڵام هێشتا خاوەنی کۆگەیەکی مووشەکیی بەهێزە کە دەتوانێ بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە وێران بکات.
 
رۆژنامەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئێران مووشەکەکان لە شوێنی شاخاوی و ژێرزەوی دەشارێتەوە و دروستکردنیانی لە چەند مانگی رابردوودا دوو هێندە زیادکردووە. عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەی "جەنگی هەرێمی" دەکات ئەگەر هێرشیان بکرێتەسەر.
 
وۆڵ ستریت جۆرناڵ: "پێش هێرش، دەبێت بەرگری بەهێز بکرێ"
 
بەپێی ئەم رۆژنامەیە، پێنتاگۆن خەریکی گواستنەوەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زیاترە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
• ئەمریکا سیستمی پێشکەوتووی (THAAD) و (Patriot)ی رەوانەی ئوردن، کوێت، بەحرێن، سعودیە و قەتەر کردووە.
 
• بۆ ئەوەی ئەگەر ئەمریکا لە ئێران بدات، بتوانن بەرگری لە ئیسرائیل و سەربازەکانی ئەمریکا بکەن بەرامبەر تۆڵەسەندنەوەی ئێران. رۆژنامەکە دەڵێ، تا ئەم بەرگرییانە تەواو نەبن، هێرشی گەورە ناکرێ.
 
نیویۆرک تایمز: "ئێران ڤەنزوێلا نییە؛ زۆر مەترسیدارترە"
 
رۆژنامەکە دەڵێت، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێ سیناریۆی ڤەنزوێلا دووبارە بکاتەوە، بەڵام شارەزایان دەڵێن ئێران جیاوازە.
 
• ئیسرائیل دوای دوو ساڵ لە شەڕ، بڕی پێویست مووشەکی بەرگریی نەماوە و ئێران دەتوانێت بە مووشەکی گەورە شارەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.
 
• دیار نییە ئایا ترەمپ دەیەوێ حکومەتی ئێران بڕووخێنێت یان تەنیا دەیەوێ ناچاری بکات دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی هەڵبگرێ.
 
فۆڕچن: "بە ئەگەری 75٪ هێرش دەکرێ"
 
ئەم گۆڤارە ئابوورییە لە زاری شارەزایەکی وزەوە دەڵێ: "ئەگەری ئەوەی لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران 75٪ـە".
 
• نرخی نەوت بەرزبووەتەوە. مەترسییە گەورەکە ئەوەیە ئێران گەرووی هورمز دابخات کە بەشێکی زۆری نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئەگەر ئەمە رووبدات، نرخی وزە شۆکی گەورە بەخۆیەوە دەبینێت.
 
دۆیچە ڤێلە: "چین چی دەکات؟"
 
میدیا ئەڵمانییەکە پرسیاری ئەوە دەکات ئایا چین پشتگیریی ئێران دەکات؟
 
• وەڵام: چین لە رووی ئابوورییەوە یارمەتی ئێران دەدات، بەڵام ناچێتە جەنگەوە دژی ئەمریکا لەپێناو ئێران. چین پەیوەندی بازرگانیی گەورەی لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی هەیە و نایەوێت ئەو بەرژەوەندییانە لەدەست بدات.
 
یەدیعوت ئەحرەنۆتی ئیسرائیلی: "ئیسرائیل ترسی هەیە"
 
ئەم میدیا ئیسرائیلییە ئاشکرای کردووە کە سوپاسالاری ئیسرائیل بە نهێنی سەردانی واشنتنی کردووە.
 
• پەیامی ئیسرائیل: داوا لە ئەمریکا دەکەن هێرش بکات، چونکە ئەگەر هێرش نەکات "لاواز دەردەکەوێ". بەڵام لە هەمان کاتدا ئیسرائیل دەترسێت گفتوگۆکان شکست بێنن و ئیسرائیل باجەکەی بە مووشەکەکانی ئێران بدات.
 
رۆژنامەکان کۆکن لەسەر ئەوەی دۆخەکە زۆر مەترسیدارە. ئەمریکا هێز کۆدەکاتەوە و سیستمی بەرگری دادەنێ، ئیسرائیل داوای لێدان دەکات بەڵام دەترسێت، وڵاتانی کەنداو نیگەرانی کاردانەوەی ئێرانن، و ئێرانیش هەڕەشەی جەنگی سەرتاسەری دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە