رووداو دیجیتاڵ
جەنگی غەززە لە پێنج مانگ نزیک دەبێتەوە. تەندروستیی ئەو کەرتەی فەلەستین دەڵێت، جگە لە کوژرانی 30 هەزار و 320 کەس، ژمارەیەک منداڵیش لە برسا و تێنوێتیدا گیانیان لەدەستداوە.
ئەشرەف قودرە، گوتەبێژی تەندروستیی غەززە رۆژی هەینی، 01-03-2024، رایگەیاند، "چوار منداڵی دیکە بەهۆی بەدخۆراکی و وشکبوونەوەوە گیانیان لەدەستدا، بەوەش ژمارەی ئەو منداڵانەی تاوەکو ئێستا بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە 10 منداڵ".
هاوکات، جێنس لێرکێ، گوتەبێژی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی – ئۆچا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری جیدی بکات بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆخەی لە غەززە هەیە.
بەگوێرەی ئۆچا، 550 هەزار کەس لە غەززە لە ئاستی پێنجەمی برسێتیدان کە دوایین ئاستە و دەبێتە هۆی مردن.
"ئالیک بووەتە خواردنی دەوڵەمەندەکان"
غەززەییەکان گەیشتوونەتە دۆخێک بۆ پارچەیەک نان سەرکێشی دەکەن. ئەمە قسەی زۆربەی دانیشتووانی ئەو کەرتەیە.
ئەبو هانی، باوکی شەش کوڕە کە دوویان ساوان، دەڵێت، "ئێستا بۆ دەستکەوتنی ئارد و دروستکردنی نان پشت بە ئالیکی ئاژەڵ دەبەستین. پێشتر بە دوو دۆلار بوو و ئێستا نرخەکەی بووەتە 20 دۆلار و دەستناکەوێت، ئالیک بووەتە خواردنی دەوڵەمەندەکان."
فیلیپ لازارینی، کۆمیسیاری گشتیی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی – ئۆنروا دەڵێت، "لە 23-01-2024ـەوە هیچ خواردنێک نەهاتووەتە نێو غەززە. چەندین جارە داوای گەیاندنی هاوکاری دەکەین بەڵام بانگەوازەکان گوێیان لێ ناگیرێت و رەتدەکرێنەوە."
چەند سەرچاوەیەکی نافەرمیی حکومەتی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە ئیسرائیل بەنیازە دەروازەی سنووریی کارنی - مەنتار بکاتەوە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی غەززە و لە 2006ـەوە داخراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئیسرائیل پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
ئەیهام ئەبو نەدا، دانیشتووی کامپی جەبالیایە لە باکووری غەززە گوتی، "لەگەڵ خزمەکانمان بەرەو شەقامی رەشید رۆیشتین. دوای بڕینی 14 کیلۆمەتر بە پێ، بە هەزاران خەڵکمان بینی کە چاوەڕوانی بارهەڵگرەکانیان دەکرد، بۆیە بە دەستی بەتاڵ هاتینەوە و هیچمان دەستنەکەوت."
بە گوێرەی تەندروستیی غەززە، لە دوو مانگی رابردوودا 345 فەلەستینی لە هەوڵی دەستکەوتنی کیسەیەک ئارد لەسەر شەقامەکانی سەڵاحەدین و رەشید کوژراون.
بەردانەوەی خواردن لە ئاسمانەوە
بەهۆی داخستنی ناوبەناوی دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی رێکاری تووندی پشکنین بەسەر بارهەڵگرەکاندا، وڵاتانی جیهان هەوڵدەدەن لە ئاسمانەوە یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە بەردەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 3ی ئادار، فڕۆکە بارهەڵگرەکانی ئەمریکا 38 هەزار ژەمە خۆراکیان بەسەر خەڵکی غەززەدا بەردایە خوارەوە.
رۆژی هەینی، 01-03-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، "لەگەڵ دۆستەکانمان بەشدار دەبین لە بەردانەوەی یارمەتیی مرۆیی لە ئاسمانەوە بۆ نێو غەززە."
بایدن ئەو قسەیەی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جیۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیادا کرد.
پێشتر ئوردن و فەرەنسا چەند جارێک بەمجۆرە لە رێگەی فرۆکەوە هاوکاری و خۆراکیان بەرداوەتەوە نێو غەززە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ